ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
هێزی دەریایی سپای پاسداران لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاند، تەنها ئەو ڕێگایانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیاری کراون، یاسایین بۆ تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی ڕێگای جیاواز قەدەغەیە.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی تەنسیمی ئێران، لە ئاگادارییەکدا هاتووە، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران، ڕێگایەکی نوێیان بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز ڕاگەیاندووە، بەڵام ئێران ئەو هەنگاوەی ڕەتکردووەتەوە و بە نالەبار و مەترسیدار ناوی دەبات.
هێزی دەریایی سپای پاسداران دووپاتی کردووەتەوە کە تەنها ئەو ڕێگایانەی لەلایەن ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە، ڕێگای یاسایی و متمانەپێکراون بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان. هەروەها ئاگاداری داوە کە جوڵەی هەر جۆرە کەشتیێک لە دەرەوەی ئەو ڕێگایانە قەدەغەیە و مەترسییەکی گەورەی لەگەڵدایە.
لە بەشی دیکەی ئاگادارییەکەدا هاتووە، هەموو کەشتییەکان پێویستە پێش تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز، لە ڕێگەی کەناڵی 16 هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی دەریایی سپای پاسداران بکەن. هێزەکە هۆشداری داوە هەر سەرپێچیێک لەم ڕێنماییانە، بەرامبەر بە یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

































































