ئەژین غەفار-زاری كرمانجی
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ئەو بڕە گەنمەی جووتیاران كە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە وەرناگیرێت، لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی تایبەتەوە بكڕێتەوە و بۆ دەرەوەی وڵات هەناردەی بكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، دكتۆر محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆكی لیژنەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران، ڕایگەیاند لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكوومەت بۆ پاڵپشتی كەرتی كشتوكاڵ و پاراستنی مافی جووتیاران، هەنگاوە پێویستەكان بۆ وەرگرتن و فرۆشتنی گەنم لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی ناوخۆیی و هەناردەكردنی بۆ بازاڕە دەرەكییەكان گیراوەتە بەر.
بە وتەی ئەو، دوو كۆمپانیای ناوخۆیی ئامادەبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ كڕینەوەی تەواوی ئەو گەنمەی ماوەتەوە، بەم شێوەیەش هیچ بڕێك لە بەرهەمی جووتیاران بێ بازاڕ نامێنێتەوە.
هەروەها ئاماژەی كرد كە ١١ كۆمپانیای دیكەش داواكارییان پێشكەش كردووە بۆ وەرگرتن و هەناردەكردنی گەنم. هەندێك لەو كۆمپانیایانە پلانی هەناردەكردنی ١٠ هەزار تا ٢٠ هەزار تۆنیان هەیە، بە تایبەتی بۆ بازاڕی توركیا، كە بەپێی لێكۆڵینەوەكان نرخێكی گونجاوتر و باشتر پێشكەش دەكات.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ڕوونی كردەوە كە هەموو ڕێوشوێن و پرۆسە یاساییەكان تەواو كراون و دۆسیەی كۆمپانیاكان بە وردی پشكنراون. بڕیارەكە بۆ پەسەندكردنی كۆتایی نێردراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و چاوەڕوانی دەربڕینی بڕیاری كۆتایی دەكرێت.
ئەو دووپاتی كردەوە كە حكوومەت هەوڵ دەدات بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەرێمی كوردستان بدۆزێتەوە و ڕێگە نەدات ماندووبوون و ڕەنجی جووتیاران بەفیڕۆ بچێت.
































































