مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی ئەمەریكا لە گردبوونەوەیەك لە پێنسلڤانیا ڕایگەیاند “تەنیا شتێك كە ئێران لێی تێ دەگات (چەكوشە)، بۆیە ئەمڕۆ دانوستانەكان لەگەڵ ئەو وڵاتە بە ئاسایی بەڕێوە دەچن و زۆر باش پێكەوە هەڵدەكەین.”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ڕۆژی سێشەممە لە پێنسلڤانیا قسەی بۆ ئامادەبووانی گردبوونەوەیەك كرد و ڕاگەیاند “ئابووری ئێران ڕووخاوە، پیشەسازی بەرگریشیان زیانێكی زۆری پێكەوتووە و ساڵانێكی زۆریان دەوێت تا بتوانن بنیاتی بنێنەوە.”
ئاماژەی بەوەش كرد كە تەنیا شتی ئێرانییەكان لێی تێ دەگەن ” چەكوشە” ، كە مەبەستی لە ئۆپەراسیۆنی چەكوشی نیوەشەوی دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێران بوو .
ترەمپ دەشڵێت “ئێران زۆر باشە، ئەگەر بەرپرسیار بێت، ئەگەر ژیر بن. ئەگەرنا پێویستە كارەكە تەواو بكەین، كە كەمتر لە یەك هەفتەی دەوێت. بەڵام پێم وا بێت باش دەبن. ئەوە دەكەن كە پێویستە بیكەن. چونكە ئێمە دەمانەوێت كۆتایی بەمە بهێنین.”

































































