سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پارکی “گەنناسا د بابل”ی بە رووی هاووڵاتییان و گەشتیاراندا کردەوە و لە گوتارێکیشدا بنەما ستراتیژییەکانی پشت بنیاتنانی ئەم جۆرە پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی روون کردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لە هەولێر، پارکی گەورە و مۆدێرنی “گەنناسا د بابل” (پارکی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل)ـی کردەوە، کە لەسەر رووبەری نزیکەی 59 هەزار مەتر چوارگۆشە بە مۆدێرنترین تەکنیک و دیزاینی تەلارسازی بنیات نراوە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە میانەی رێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد؛ لە سەرەتای گوتارەکەیدا، بەخێرهاتنی گەرمی میوانە ناوخۆیی و بیانییەکان و بەرپرسانی ئامادەبووی کرد.
سەرۆکوەزیران گوتی: خۆشحاڵم کە دوای ساڵێک لە دانانی بەردی بناغە، ئەمڕۆ بە یەکەوە کۆبووینەوە بۆ کردنەوەی ئەم پارکە مۆدێرنە. دەشڵێت: پارکەکە هەر لە ناوییەوە دیارە کە ئاماژەیەکە بۆ رەسەنایەتی و مێژووی بەیەکەوەژیان لە وڵاتەکەمان.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پارکە شوێنێک دەبێت بۆ ئەوەی لە رووی کۆمەڵایەتییەوە خێزان، منداڵ، گەنج بتوانن بە یەکەوە کۆببنەوە و کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر ببەن.
هاوکات گوتیشی: پارکەکە سیمایەکی دیکە و دیمەنێکی جوانتر بە شارۆچکەی عەنکاوە دەبەخشێت، لە پشت منەوە بەرزترین ئاڵای کوردستان لەسەر ئاستی عێراق لەم پارکە دروست کراوە کە ئەمەش جێگەی شانازییە.
باسی لەوە کرد، زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم وڵاتەکەمان رۆژ بە رۆژ پێشدەکەوێت، شوێنی خۆشتر و باشتر دروست دەکرێن، هەمووتان شایەنی ئەوەن زیاتر خزمەتبکرێن، ئەوەی لە دەستمان بێت بە یەکەوە لەگەڵ ئێوە هەوڵ بدەین کۆمەڵگەیەکی تەندروستر بۆخۆمان و دروست بکەین و بۆ گەشتیاران و میوانان دروست بکەین، بە شانازییەوە ئەمڕۆ یەکێک لەم دەستکەوتانە دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
ئەم پڕۆژە پێشەنگە کە بە یەکێک لە دەگمەنترین ناوەندە گشتییەکانی سەرانسەری عێراق دادەنرێت، خاوەنی سێ دەروازەی سەرەکی و ستراتیژییە کە هاوسەنگی و بەستنەوەیەکی گونجاو لە نێوان عەنکاوە و پڕۆژەی (ئەربیل ئەڤینیو)دا دروست دەکات.
یەکێک لە هێما نیشتمانی و تەلارسازییە دیارەکانی ئەم پارکە، بوونی ستوونی ئاڵایەکە بە بەرزیی 63 مەتر، کە بەرزترین ستوونی ئاڵایە لەسەر ئاستی عێراق، لەگەڵ بوونی زیاتر لە 50 ئاڵای دیکەی کوردستان کە دیمەنێکی ناوازەیان بە شوێنەکە دەبەخشێت.
لە ڕووی ئەندازیاری و نەخشەسازییەوە، پارکەکە چەندین داهێنانی نوێی بەخۆیەوە بینیوە؛ لەوانە پردێکی مارپێچی هاوچەرخ کە 7 مەتر لە ئاستی زەوییەوە بەرزە و دیمەنێکی پانۆڕامی دەبەخشێتە سەردانیکەران، لەگەڵ تێپەڕگەیەکی ژێرزەوی (تونێل) کە بە مەبەستی رێکخستن و ئاسانکاریی هاتوچۆی پیادە بە سەلامەتترین شێواز دیزاین کراوە. هەروەها پڕۆژەکە گرنگییەکی زۆری بە کەرتی وەرزش داوە، کە یاریگایەکی پێشکەوتووی یاریی پادڵ (WOP)ـی لەخۆگرتووە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی گەنجان و هۆگرانی ئەم وەرزشە نوێیە.
چاودێران و شارەزایانی بواری پەرەپێدانی شارستانی پێیان وایە، پارکی “گانسا د بابل” تەنیا ڕووبەرێکی سەوزایی ئاسایی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی گرنگە لە کەرتی گەشتوگوزار، ژینگەپارێزی و تەندروستیی گشتیدا لە شاری هەولێر، و پێشبینی دەکرێت لە ئایندیەکی نزیکدا ببێتە جەمسەرێکی گرنگی ڕاکێشانی گەشتیارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.


































































