“بە شانازییەوە سەردانی کوردستان دەکەم”
شێخی ئەزهەر سوپاسی مەسرور بارزانی كرد، كە بەردی بناغەی باڵەخانەی (پەیمانگای ئەزهەر)ـی لە هەولێر دانا و ئاشكراشی كرد، كە لە دەرفەتێكدا، بە شانازییەوە سەردانی كوردستان دەكات.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی 2026، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە ئەمڕۆ د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وەزارەت گەیشتە قاهیرەی پایتەختی کۆماری میسڕ و لەلایەن شێخ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر و بەرپرسانی باڵای مەشیخەی ئەزهەرەوە بپێشوازییان لێ کراوە.
وەک وەزارەتی ئەوقاف بڵاوی كردووەتەوە، كە لە دیدارەکەدا، شێخی ئەزهەر بە ڕێزەوە سەیری مێژووی گەلی کوردی کرد و ڕۆڵی زانایانی ئایینی و خەڵکی کوردستانی لە خزمەتکردن بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و مرۆڤایەتی و چەسپاندنی چەمکی پێکەوەژیان بەرز نرخاند.
جەختیشی لەو پەیوەندییە مێژوویی و دێرینە کردووەتەوە کە هەردوو گەلی کوردستان و میسر بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
لەلای خۆشیەوە، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی تیشکی خستە سەر دۆخی نموونەیی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان و ئەو ئارامییەی کە هەموان تێیدا بەشدارن.
هەر لەم دیدارەدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەلایەن وەزیری ئەوقافەوە پێشکەش بە شێخی ئەزهەر کرا و ئەویش وێڕای دەربڕینی پشتگیریی تەواوی خۆی، یاداشتەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ و پڕ بایەخ وەسف کرد.
دواتر د. پشتیوان سادق، بەناوی سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی داوەتی ئاراستەی شێخی ئەزهەر کرد بۆ سەردانیکردنی کوردستان. شێخی ئەزهەریش بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە بانگهێشتەکەی قبووڵ کرد و ڕایگەیاند: “لە دەرفەتێکی گونجاودا، بە شانازییەوە سەردانی کوردستان دەکەم.”
هەروەها شێخی ئەزهەر سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد بۆ بونیادنانی باڵەخانەیەکی هاوچەرخ بۆ (پەیمانگای ئەزهەر) لە شاری هەولێر، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردی بناغەکەی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە دانرا.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، شێخی ئەزهەر و بەرپرسانی مەشیخەی ئەزهەر، بە گرنگییەکی تایبەتەوە باسیان لە دروستکردنی (مزگەوتی گەورەی بارزانی) لە شاری هەولێر کرد.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پەرتووکی پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە شێخی ئەزهەر کرد و لە بەرامبەردا شێخی ئەزهەریش قەڵغانی ڕێزلێنانی مەشیخەی ئەزهەری پێشکەش بە وەزیری ئەوقاف کرد.
































































