مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە گوێڕەی چەند سەرچاوەیەك لە ڕێكخراوە مرۆیییەكان، پۆلیسی ڕەوشتی حكومەتی ئەفغانستان نزیكەی 20 كارمەندی فریاگوزاریی ناوخۆیی كە هاوبەشی نەتەوە یەكگرتووەكانن لە نزیك دەروازەی سنووریی نێوان ئێران و ئەفغانستان دەستگیركردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی ڕیشیان بەپێی پێویست درێژ نەبووە.
دوێنێ دووشەممە 22ـی 6ـی 2026، سێ سەرچاوە لە ڕێكخراوە فریاگوزارییەكان ڕایانگەیاند “بەرپرسانی ئەفغانستان لە كابول بەپێی لێكدانەوەیەكی یاسای ئیسلامی فەرمانڕەوایی دەكەن و ڕایانگەیاندووە، دەبێت پیاوان ڕیشیان لە مستێك (مشتە كۆڵەیەك) درێژتر بكەن.”
سەرچاوەیەك لە ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی (IOM) ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە پۆلیسی ڕەوشت “كارمەندانی نیشتمانیی ئەو ڕێكخراوانەی دەستگیركردووە بەهۆی تاشین یان كورتكردنەوەی ڕیشیان.”
هاوكات زیائەدین تائیب، لێپرسراوی پۆلیسی ڕەوشت لە پارێزگای هیرات هەواڵی دەستگیركردنی كارمەندانی ڕێكخراوە مرۆیییەكانی ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند”هیچ كەسێك لە ڕێكخراوە ناحكومییەكان دەستگیر یان زیندانی نەكراوە.”
ئەو بەرپرسەی تاڵیبان نایشارێتەوە كە پێنج فەرمانبەری حكومەتیان لە فەرمانگە جیاوازەكان بەهۆی كورتكردنەوەی ڕیشیانەوە دەستگیركردووە.
































































