وەرزش ـ زاری كرمانجی:
ئیملیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزە نایابەكەی ئارجێنتینا، بەشێوازێكی جیاواز باسی گرنگی لیۆ مێسی، ئەفسانەی تۆپی پێی وڵاتەكەی دەكات.
دوێنێ لەكۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی ئەمڕۆ ئێوارەی نێوان ئارجێنتینا و فەڕەنسا، ئیمی مارتینێز، لەپاڵ لیۆنێل سكالۆنی راهێنەری تانگۆ، بەشداری كرد و، سەرنجی لەسەر یاریی بەرانبەر فەڕەنسا دا.
ئیمیلیانۆ لەدەسپێكی ئاخاوتنەكانیدا گوتی: “سەیرە هەمووان باسی بردنەوەی فەڕەنسا دەكەن، لەم یارییە، پێشووتر هەمان شتیان لە بارەی بڕازیل دەگوت و، بە بەربژێری سەرەكی نازناوەكەیان دانا، دواتر بینیمان چیان بەسەر هات.”
ئیمی، گوتیشی: “هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم یاریزانێكی باشتر لە مێسی كوپا ئەمریكای 2021 ببینم، بەڵام لە مۆندیالی 2022 یاریزانێكی باشترم بینی ئەویش مێسی خۆی بوو.”
درێژەی پێدا: “باشترین یاریزانی جیهانمان هەیە بۆیە پاڵێوراوی بردنەوەی نازناوەكەین.”
“لەم مۆندیالە پێش ئەوەی یاریزان بم هاندەرم.”
گۆڵپارێزە نایابەكەی وڵاتی زیو، باسی ساتێكی ناخۆشی خۆی دەكات و دەڵێت: “بەهۆی كرانەدەرەوەی ئارجێنتینا لە مۆندیالی 2002 و 2006 گریام، هەروەها لە یاریگەكانەوە سەیری مۆندیالی 2018ـم كرد، ئەمڕۆش لە یاریی كۆتاییم.”
لەپەراوێزی ئاخاوتنەكانیدا ئەوەشی گوت: “مباپێ، لە هەڵبژاردەكانی ئەمریكای لاتینی كەمكردەوە؟ رەنگە لەبەر ئەوەی لە ئەمریكا یاری نەكردبێت وابڵێت، كاتێك ئەزموونت لە شتێكدا نییە ناتوانیت بەو شێوەیە قسەی لەسەر بكەیت.”