ئەندازیاری پرۆژەكە :”تا ئێستا 39 ملیۆن دینار لە پرۆژەی جووت سایدی سۆران – رواندز خەرج كراوە”
رۆژان قیاس_زاری كرمانجی:
لە ماوەی دوو مانگە كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاری رێگاوبان لە سنووری ئیدارەی سۆران ئەنجامدراوە، یەكێك لە پرۆژانە دروستكردنی جووت سایدی سۆران – رواندزە.
لە ماوەی دەستبەكاربوونی پرۆژەكە، بەشێك لە هاووڵاتیان پێان وایە كارەكان بە خاوی بەرێوەدەچێت و ئەندازیاری پرۆژەكەش دەڵێ قۆناغی یەكەم تەواو بووە و لە ئێستادا كار لە قۆناغی دووەم دەكەین.
ئاڵا رزگار، ئەندازیاری بەڵێندەر لە كۆمپانیای بەهات، لە بارەی قۆناغەكانی پرۆژەكە بە زاری كرمانجی گووت” قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە كۆتایی پێهاتووە و لە قۆناغی دوەمین، لەم قۆناغەدا كاری دانانی بۆڕی پۆلی ئەسیلین و دروستكردنی ئاو وەرگر و نۆژەنكردنەوەی مەنهۆلەكان دەكەین، لە هەمانكات عامودەكان دەگوازرێنەوە، بە پێی پێشبینییەكانمان ئەم قۆناغە 20 رۆژی تر دەخایەنێت”،
ئاڵا باس لە هۆكاری دواكەوتنی كارەكانیان دەكات و دەڵێ:”ئەم قۆناغە زووتر تەواو دەكرا، بەڵام بەهۆی كێشەی ئاو و كارەبا دواكەوت، لەبەر ئەوەی لەكاتی هەڵكۆڵین بە چەند مەترێك دەگەین بە چەندین كێبڵی كارەبا و ترسمان لە دروستبوونی ئاگر هەیە لە كاتی كاركردن و بەركەوتن لەگەڵ كێبڵی كارەبا، بۆیە دەبێ بە ئاگادارییەوە كار بكەین لەوەی كارمەندەكانم دوور بن لە رووداوی نەخوازراو زیانیان بەر نەكەوێت”.
ئەم ئەندازیارە ئەوەشی خستەڕوو” دوای ئەم قۆناغە دەچینە سەر قۆناغی سێیەم، كە سەرەتا چینی تێكەڵەرێژی جۆری (A) دواتر جۆرەكانی تری تێكەڵرێژی ئەنجام دەدەین”.
هەروەكو ئەندازیاری بەڵێندەر لە كۆمپانیای بەهات ئاماژەی بۆ دەكات گوژمەی 394 ملیۆن 875 هەزار دینار بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخانكراوەو تا ئێستا 39 ملیۆن دینار تێچووی ئەم دوو قۆناغە بووە.