ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران بڵاوی كردەوە، پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ١٨ گوندی دۆڵی بیاو، لە سنووری ناحیەی سرێشمەی سەر بە قەزای خەلیفان، دوای ماوەیەک وەستانی کار، ئێستا دووبارە خراوەتە گەڕ و کارەکانی بەردەوامن. گوژمەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکەش نزیکەی ٢ ملیار دینارە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە دانانی بۆڕی دکتایل و پۆلی ئیتیلین بە درێژایی ٣١ هەزار و ١٠٢ مەتر، هەروەها دروستکردنی سێ خەزانی ئاو بە قەبارەی ٢٥٦ و ٤٨٠ مەتر سێجا، لەگەڵ چوار سێتی پەمپ بۆ گەیاندنی ئاو بۆ ناوچەکە.
هەروەها لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، دوو بیر لە نزیکی ڕووبار هەڵکەندراون بۆ پشتبەستن بە ئاوی سەرزەوی و فلتەرکردنی، کە ڕێگایەکی کارا و گونجاوە بۆ دابینکردنی ئاوی پاک و تەندروست بۆ دانیشتوانی گوندەکانی دۆڵی بیاو.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران ئاماژەی بەوەش کردووە کە تێچووی گشتی پڕۆژەکە ١،٩٨٠،٥٢٦،٠٠٠ دینارە و لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێت. تا ئێستا نزیکەی ٤٥ لە سەدی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو کراون و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا خزمەتگوزارییەکانی بۆ هاوڵاتیانی ١٨ گوندی ناوچەکە دەستپێبکات.
































































