بەرەی گەل لەدەیەمین مانگی ڕوداوەکانی لالەزاردا ڕاگهیهنراوێكى بڵاوكردهوهو ڕایگەیاند، دادگای سلێمانی لەڕێڕەوی یاسایی خۆی لایداوەو داوای لەئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقو هەرێم کرد دەستبەجێ دەستوەردان لەدۆسیەی لاهور شێخ جەنگیو دەستبەسەرکراوانی دیکەدا بکەن.
بەرەی گەل لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئاڕاستەی ڕای گشتیی، حزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیو نێردە دیپلۆماسییەکان لەعێراقو هەرێمی کوردستان کراوە، ئاماژەی بەوەکردوە، 10 مانگی تەواو بەسەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی یەکێتیی بۆسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی تێدەپەڕێت کە تێیدا ناوبراو وەک سەرۆکی قەوارەکەو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی دەستبەسەرکران.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئازادکردنی بەشێک لە دەستبەسەر کراوەکان لەماوەی ڕابردودا بەبێ ڕێکاری دادگایی، بەڵام ئێستا 27 ئەندامی بەرەی گەل لەزیندانەکانی ئاسایشی سلێمانیو هێزەکانی کۆماندۆی سەر بەیەکێتیی بەدەستبەسەری ماونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی سەرکردایەتی قەوارەکە.
بەرەی گەل بەتوندی ڕەخنەی لەسستیی کارەکانی دادگا گرتووەو ڕایگەیاندووە، “دادگای سلێمانی بووەتە بەشێک لەبەرنامەو سیناریۆی لێپرسراوانی یەکێتییو خۆی لەبڕیارەکانی دادگای تەمیزی هەرێم دەدزێتەوە”.
بهرهى گهل لهبهرامبهر ئهوهدا، داوای لەئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقو ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێم کردووە بەحوکمی یاسا بێنە ناو دۆسیەکەوەو ڕێگەنەدەن بابەتەکە پشتگوێ بخرێت.


































































