شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی :
بە هۆی گرانی نرخی نەوت، لە ئێستادا بەشێک لە هاووڵاتییان سۆپای غاز بەکار دەهێنن بۆ خۆ گەرمکردنەوە، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی و بەرپرسانی بەرگری شارستانی ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکەن کە خۆیان بە دوور بگرن لە بەکارهێنانی غاز وەک سەرچاوەیەکی خۆ گەرمکردنەوە، چونکە کاریگەری لەسەر تەندروستی و مەترسی لە سەر ژیانی ئەوان دەبێت.
مقەدەم بەیار محیەدین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” لە وەرزی سەرما حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە زیاتر دەبن، بەتایبەت بە هۆی بەکارهێنانی سوپای کارەبا لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەشێکیش بە هۆی سوپای غازە، بێ ئەوەی هاووڵاتییان گوێ بدەنە کوالێتی ئامێرهكان، بەکاری دەهێنن، بۆیە پێویستە سەرەتا لە کوالێتیی سۆپا و تهواوى ئامێرهكانى ترى خۆ گهرمكردنهوه دڵنیا ببنەوە ئهوكات بهكارى بهێنن.”
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران لەگەڵ ئەوە دانییە بە هیچ شێوەیەک هاووڵاتییان غاز بەکار بهێنن وەک سەرچاوەیەک بۆ خۆ گەرمکردنەوە و دەڵێ:” باشترە سوپای غاز بەگشتی لە ماڵان دا نەبێت لەبەر ئەوەی ژەهراوییە و بۆ ئاگرکەوتنەوەش ئاسانە، تایبەت ئەو سۆپایی شوێنی بوتڵی غاز لە پشتەوە یان هەیە، جا ئەگەر کوالێتیشی نزم بێت ئەوا بە ئاسانتر گڕ دەگرێت، بۆیە وا باشترە بوتڵی غاز لە دەرەوە دابنرێت چ بۆ سوپا یاخود بۆ چێشتخانە.”
مقەدەم بەیار لە پێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان چەند ڕێنمایییەک دەخاتە ڕوو و دەڵێ:” پێویستە مانگانە پشکنین بۆ بوتڵە غازەکان بکرێت، لەناو چێشتخانە دەبێت پانکەی هەواگۆڕکێ هەبێت و لە هەموو ئەمانە گرنگتر پێویستە بوتڵێکی پێنج کیلۆی ئاگرکوژێنەوە لە ماڵەوە هەبێت بۆ هەر حاڵەتێکی ئاگر کەوتنەوە، هەروەها خاوەن ماڵەکە ئەگەر هەستی بە بۆنی غازی کرد، ئەوا پێویستە بە زووترین کات کارەبا بکوژێنیتەوە، دواتر دەرگا و پەنجەرەکان بکاتەوە و ماڵەکە بەجێ بهێڵێت بۆ ماوەی یەک کاتژمێر تا دڵنیا دەبێتەوە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتیش نابێت کارەبا بکوژێنیتەوە ئەویش ئەگەر بۆنەکە چووبێتە ناو سندووقی کارەبا چونکە یەکسەر شۆرت دەکات و ئاگر دەگرێت، نابێت بە هیچ شێوەیەک چەخماخ لە نزیک هیچ سوپایەک دابنرێت، پلاکەکان نابێت شل ببەسترێن، پێویستە لە ڕێگەی کەسێکی شارەزا کارەبای ماڵەوە پشکنین بکرێت، ئەو ئامێر کارەبایانەی کە لە ماڵەوە بەکار دەهێنرێن پێویستە کوالێتییان باش بێت و منداڵەکان دوور بخەنەوە لە پلاک و سیم شەحنەکان.”