ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
پلاتفۆرمی تیكتۆك ڕایگەیاندووە، لە ماوەی چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٥ـدا، ملیۆنان ڤیدیۆ و هەزاران ئەکاونتی سڕیوەتەوە کە پێچەوانەی ڕێنمایی و یاساکانی پلاتفۆرمەکە بوون. ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە هەوڵەکانی بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی منداڵان و دروستکردنی ژینگەیەکی ئەلیکترۆنیی سەلامەتتر.
لە ڕاپۆرتی تایبەت بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی کۆمەڵگەکەی بۆ ساڵی ٢٠٢٥، تیكتۆك دووبارە جەختی لەسەر پابەندبوونی بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش و پاراستن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، زیاتر لە ١١٫٧ ملیۆن ڤیدیۆ لە وڵاتانی ناوچەکە، وەک میسر، سعودیە، ئیمارات، عێراق و لوبنان سڕاونەتەوە، چونکە پێشێلی سیاسەتەکانی پلاتفۆرمەکەیان کردبوو. لە نێوانیاندا ٤٫٦٩ ملیۆن ڤیدیۆ تەنها لە عێراق سڕاوەتەوە.
هەروەها، تیكتۆك ئاماژەی بە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی منداڵان و لاوان کرد و ڕایگەیاند نزیكەی ٢٣٫٨ ملیۆن ئەکاونتی سڕیوەتەوە کە گومان لەوە دەکرا خاوەنیان لە خوار تەمەنی ١٣ ساڵ بن. لە هەمان کاتدا، ١٤٧٫٧ ملیۆن ئەکاونتی ساختەش لە ئاستی جیهاندا لابردراون.
لە بواری پەخشی ڕاستەوخۆ (Live)ـدا، پلاتفۆرمەکە ڕایگەیاندووە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٤٢٫٨ ملیۆن پەخشی ڕاستەوخۆی ڕاگرتووە، هەروەها سەدان هەزار هۆستی سەرپێچیکەریش قەدەغە کراون، بە مەبەستی پاراستنی بەکارهێنەران و جێبەجێکردنی ستانداردەکانی کۆمەڵگەی تیکتۆک.
































































