ئەژین غەفار- زاری كرمانجی :
لیژنەی زێدەڕۆیی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران لە درێژەی چاودێری و بەدواداچوونە بەردەوامەكانی بۆ پاراستنی تۆڕەكانی ئاو، سەركەوتوو بوو لە ڕێگرتن لە هەوڵێكی نایاسایی بۆ بەكارهێنانی ئاوی گشتی.
بەپێی زانیارییەكان، چەند كەسێك لە گەڕەكی شەهیدانی بارزان هەوڵیان داوە بە هەڵكەندنی زەوی بگەنە بۆرییەكی سەرەكیی ١٦ ئینجی سەر بە حەوزی فەرماندە و ئاوی لێ وەربگرن. بەڵام تیمە تایبەتەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران بە خێرایی لە شوێنی ڕووداو ئامادە بوون و ڕێگرییان لە تەواوبوونی ئەو كردارە كرد.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران ڕایگەیاندووە، كە هەنگاوە یاسایییە پێویستەكان بەرامبەر سەرپێچییكاران دەستپێكراون و ئەو وەستایەش كە بەشداری لە ئەنجامدانی ئەو كارەدا هەبووە، بۆ وەرگرتنی سزا و بەدواداچوونی یاسایی ڕەوانەی دادگا كراوە.
هەروەها جەختی كردەوە كە پاراستنی سەرچاوە و تۆڕەكانی ئاو ئەركێكی هاوبەشی هەمووانە و هیچ جۆرە زێدەڕۆییەك لەسەر سامانی گشتی قبووڵ ناكرێت، چونكە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خزمەتگوزارییەكان و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان هەیە.
لە كۆتاییدا، داوای لە هاووڵاتیان كرد هەر كاتێك شاهیدی هەر جۆرە سەرپێچییەك یان دەستدرێژییەك لەسەر تۆڕەكانی ئاو بوون، بە خێرایی ئاگاداری هێڵی گەرمی لیژنەی زێدەڕۆیی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران بكەن.

































































