مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە گوێڕەی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، جارێكی دیكە گرووپی تایبەتی چاودێری دارایی (FATF) عێراقی خستەوە نێو “لیستی خۆڵەمێشی” خۆیەوە .
گرووپی تایبەتی چاودێری دارایی (FATF) یەكێكە لە گرنگترین دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان كە لەلایەن گرووپی حەوتەوە (G7) بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆریستی و تاوانە دارایییەكانی دیكە دامەزراوە.
جارێكی دیكە عێراقی خستەوە نێو “لیستی خۆڵەمێشی” خۆیەوە و دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 لە لیستەكە لابرابوو.
میدیا عێراقییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە ئەم هەنگاوەی ئێف ئەی تی ئێف دەتوانێت تێچووی گواستنەوەی پارە بۆ عێراق یان لە عێراقەوە بۆ شوێنی دیكە بەرز بكاتەوە و وەبەرهێنانی بیانی كەم بكاتەوە و نرخی دراوی بیانی بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بازاڕی ڕەشدا بەرز بكاتەوە و هەروەها وەرگرتنی قەرز لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان قورس بكات.
عێراق لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە ڕووبەڕووی كەمیی دراوی بیانی بووەتەوە، هەروەها كێشەیەكی زۆری هەیە بۆ قەرزكردن لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان.
گرووپی (FATF) دوو لیستی سەرەكی هەیە : لیستی خۆڵەمێشی و لیستی ڕەش؛ لیستی خۆڵەمێشی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە كە كەموكوڕییان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆریستی بەڵام هاوكاری دەكەن بۆ چارەسەركردنیان، لە كاتێكدا لیستی ڕەش ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە كە بەهۆی مەترسی دارایی زۆر و هاوكارییەكی كەم لەگەڵ FATF ڕووبەڕووی توندترین سنوورداركردن و فشارە دارایییە نێودەوڵەتییەكان دەبنەوە.

































































