ئەمڕۆ 18/12/2022، لە میانەی بەڕێوەچوونی سیمینارێكی وەزارەتی ئەوقاف بەناوی (گوتاری ئایینی لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆ)دا، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، رایگەیاند “ئایین زۆر لەوە گەورەترە كە كەسانێك بێن و خۆیان بكەنە دەمڕاستی ئایین و هەوڵ بدەن شتانێك بەسەر كۆمەڵگادا فەرز بكەن بە ناوی پاراستنی كلتوری خێزان و كلتوری كوردەواریی، لە راستیدا كلتوری كوردەواری و ئایین و خێزان خاوەنی خۆیان هەیە، خاوەنەكەی یەكێتی زانایان و زانا گەورەكانن ، خاوەنەكەی حكوومەت و هەموومانین پێكەوە.”
پشتیوان سادق لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گووتی ” وەزارەتی ئەوقاف خۆی بە پارێزەری ئیسلام و پێكەوەژیان دەزانێت، بەڵام گەر كەسانێك بەناوەی دینەوە بیانەوێت بیڕوڕای تایبەتی خۆیان بەسەر خەڵكدا بسەپێنن بەناوی ئەوەی گوایە دەیانەوێت شیرازەی خێزان و كۆمەڵگە راست بكەنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوانە شیرازەی خێزان و پێكەوەژیانی كۆمەڵگا تێك دەدەن، بۆیە پێوستە رێگە لەوانە بگیرێت، چونكە كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگایەكی بە ڕەوشتە و ساڵەهای ساڵە لە رووی نیشتمانیی و ئەخلاقی و كلتورییەوە پارێزگاری لە كلتورە جوانەكەی خۆی كردووە.”
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، زیاتر روونیكردەوە “ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دڵنیایی دەدەینە هەموو لایەك، رێگە بەوە نادەین كەسانێك بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە بێن و خۆیان بكەنە پارێزەری ئایینی ئیسلام، بەڵام لە ژێرەوە مەبەستی تایبەتی سیاسی خۆیان هەیە، بۆیە پێویستە ئەگەر كەموكوڕی و لادانێك هەبێت، دەبێت لە رێگەی یاسا و دامەزراوە فەرمییەكانەوە هەوڵی راستكردنەوە بدەن، نەك هەركەسە بێت و لە رێگەی بیر و ئایدیای خۆیەوە هەوڵ بدات كۆمەڵگە ئاڕاستە بكات.”