ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی «مزگەوتی گەورەی بارزانی» دادەنێت؛ پڕۆژەیەک کە وەک یەکێک لە گەورەترین و بەرچاوترین پڕۆژە ئایینی و شارستانییەکانی هەرێم ناسێنراوە.
بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم مزگەوتە یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێشکەش کرا و دوایین وێنە و دیزاینەکانی بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بە دەستی تیمی ئەندازیاریی «گراف» ئامادەکران. پڕۆژەکە لە ماوەی چەند ساڵێکدا قۆناغ بە قۆناغ گەشەی کردووە و بە چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی پەرەی پێدراوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە پاراستن و زیندووکردنەوەی هونەر و تەلارسازیی کوردییە، لەگەڵ بەرجەستەکردنی جوانیی سروشتی کوردستان و نیشاندانی بەشێک لە مێژووی ژیان و خەباتی بارزانی نەمر. هەر بۆیە هەوڵدراوە هەموو بەشەکانی پڕۆژەکە ڕەنگدانەوەی ناسنامە و کەلتووری کوردی بن.
بەپێی زانیارییەکان، پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە دوو ملیۆن مەتر دووجا دروست دەکرێت و چەندین تایبەتمەندیی گەورەی تێدایە. هۆڵی سەرەکیی مزگەوتەکە، گەورەترین گومبەت و بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت. هاوکات گەورەترین هۆڵ شوێنی نوێژ و چاڵاکییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەس دابین دەکات.
لە بەشەکانی تری پڕۆژەکەدا، باخچە و دارستانێکی فراوان دیزاین کراوە کە زیاتر لە یەک ملیۆن دار و گوڵ و ڕووەکی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت. هەروەها پلانی دروستکردنی تاڤگەیەکی دەستکرد بە بەرزیی ٤٨ مەتر و دەریاچەیەکی دەستکرد لە مزگەوتەکەدا هەیە.
لە ڕووی ئەندازیاری و دیزاینەوە، پڕۆژەکە بە تەواوی لە میرات و کەلتووری کوردی سەرچاوەی گرتووە. باڵەخانەی سەرەکیی مزگەوتەکە بە شێوەی ڕەشماڵی کوردی و بیناکانی تر بە ئیلهام وەرگرتن لە خێوەت و ژیانی کۆنی کوردستان دیزاین کراون. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی ئەم پڕۆژەیە تەنها شوێنێکی ئایینی نەبێت، بەڵکو ببێتە نیشانەیەک بۆ ناسنامە و شارستانیی کوردی.
بەشەکانی مزگەوت:
- هۆڵی سەرەکیی نوێژکردن: جێگەی ٩٠٠٠ کەس دەبێت و کە لەسەر گردێکی دەستکرد دروست کراوە.
- حەوشە و باخچەی مزگەوت: جێگەی زیاتر لە ٧٠٠٠٠٠ کەس دەبێت.
- هۆڵی بۆنە ئایینییەکان
- گەورەترین کاتژمێری رۆژی
- گەورەترین نافوورەی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان
- بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان
- ٤ منارە و بوونی بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر) بۆ بینینی تەواوی شاری هەولێر
- گەورەترین گومبەت لەسەر ئاستی جیهان
- کتێبخانە و شوێنی گەورەترین
ئەرشیفکردنی نووسراوە کوردی و ئایینییەکان - هۆڵی کۆنفرانس
- مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و دەستنووسی کوردی
- قوتابخانەی ئایینی
- هۆڵی نانخواردنی گشتی
- هۆڵی تایبەت بە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان
- گەورەترین شەلالی دەستکرد و دەریاچەی دەستکرد
- گەورەترین پارک
- بازاڕی تایبەت بە کەلوپەلی ئایینی و کوردی
- شوێنی تایبەت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل


































































