وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کە لە ڕێگەی پڕۆژەی “ڕووناکی”یەوە زیاتر لە 90%ی هاووڵاتیان خزمەتگوزاریی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە. بەپێی نرخە نوێیەکان، نزیکەی 80%ی هاوبەشان (بەتایبەتی کەمدەرامەتان) پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو تێچووەی پێشتر بۆ کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی خەرجیان دەکرد.
لە پسوولەی کارەبای مانگی 4ی هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 3 ملیار دیناری وەک داشکاندن بۆ هاووڵاتیان گەڕاندووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، نیوەی هاوبەشانی پڕۆژەکە کەمتر لە 49 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، کە کەمترین بڕی تێچووی گەڕاوە لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە هەڵەبجە بووە بە تێکڕای 35 هەزار دینار، پاشان سلێمانی بە 41 هەزار دینار، هەولێر بە 54 هەزار دینار، و دهۆک بە 57 هەزار دینار.
سەبارەت بە ئاسانکارییەکانی پارەدان، لە ماوەی 5 مانگی دەستبەکاربوونی سەکۆی ئەلیکترۆنیی “ئی-پسوولە”، زیاتر لە 1 ملیۆن مامەڵەی پارەدان بە شێوازی دیجیتاڵی ئەنجام دراون. هاوکات لەسەر ئاستی ناوخۆیی، تا ئێستا 75%ی کارەبای سلێمانی چووەتە ناو پڕۆژەی ڕووناکی و کارکردنی تیمەکان بۆ گشتگیرکردنی تەواوی قەزا و ناوچەکانی دیکە بەردەوامە.
































































