شههلا رهشيد – زاری کرمانجی :
ئەندازیارێکی خۆراک، باس لەوە دەکات کە جگەری ئاژەڵ و پەلەوەر سوودی هەیە بۆ جەستەی مرۆڤ، بەڵام هەندێک جار دەکرێ ببێتە ژەهر و تەندروستی مرۆڤەکان بەرەو وێران بوون ببات.
لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک دەڵێ: “جگەری ئاژەڵ و پەلەوەر کۆمەڵێک سوودی هەیە بۆ جەستەی مرۆڤ، ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین B12ی تێدایە کە سوودی هەیە بۆ زیادبوونی خوێن و یارمەتی دروستبوونی خڕۆکە سوورەکان دەدات و کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی دەمارەکان، بەهای خۆراکی بەرزە و دەوڵەمەندە بە پرۆتین، بە جۆرێک 28.18%ی پرۆتینە.”
لە هەمان کات لەشکر هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی جگەر و دەڵێ: ” لەهەمانکاتدا دەبێت ئاگادار بن جگەر ئامێری پاڵاوتنە لە لەشی ئاژەڵ یان مریشکدا، هەموو ئەو هۆرمۆن و دەرمانەی کە دەدرێت بە ئاژەڵەکە یان مریشکەکە تێیدا کۆ دەبێتەوە، ژەهر لە لەشدا کۆ دەکاتەوە، بۆیە پێویستە دڵنیا ببین ئەو ئاژەڵە یان مریشکە ماوەیەکە هۆرمۆن و دەرمانی پێنەدراوە ئینجا بیخۆین”.
دەشڵێت: ” بۆ ئەوانەی نەخۆشی دەردەشا (داو الملوک) یان هەیە جگەر گونجاو نییە، چونکە بڕێکی زۆر ترشی یوریک دروست دەکات، ڕێژەیەکی زۆریش چەوری و کۆلیسترۆڵی تێدایە و بۆ ئەو کەسانە زۆر گونجاو نییە کە نەخۆشیی دڵ و بۆڕییەکانی خوێنیان هەیە، هەروەها جگەری بەستوی هاوردە نەبێت، چونکە ڕێژەیەکی زۆر نیتراتی سۆدیۆمی تێدایە کە لە هەندێک باردا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت”.