ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی، لە 33ـەمین خولی کۆبوونەوەی گشتیی کۆمەڵەی پەرلەمانیی نێودەوڵەتی بۆ ئۆرسۆدۆکس لە هێلسینکیی پایتەختی فینلەندا بەشداریی کرد، لە گوتارێكدا لە كۆبوونەوەكە رایگەیاند “هەرێمی کوردستان دەستەبەرێکی ڕاستەقینەیە بۆ پاراستنی مەسیحییەکان”.
ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا لە گوتارێکدا لەبەردەم نوێنەرانی پتر لە 26 وڵاتی جیهان، پەرلەمانتاران و سەرکردەکانی کەنیسە ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بەهۆی سیاسەتە حەکیمەکانی گەل و سەرکردایەتییەکەیەوە، ئەزموونێکی بێوێنە و دەستەبەرێکی ڕاستەقینەیە بۆ پاراستن و مانەوەی مەسیحییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تیشکی خستە سەر کاتی هێرشەکانی داعش کە کوردستان بە بێ جیاوازی دەرگای بۆ حەواندنەوەی پتر لە 120 هەزار مەسیحی واڵا کرد، و لەو چوارچێوەیەشدا گوتە مێژووییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بەبیر هێنایەوە کە بە سەرکردایەتیی کەنیسەکانی گوتبوو: یا پێکەوە بە ئازادی دەژین، یانیش پێکەوە دەمرین لەپێناو کەرامەتماندا.
لەم پێناوەدا، وەزیر ستایشی دیدگا و ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کرد، تێیدا جەخت لەوە دەکرێتەوە كە تەنیا “پاراستن” بەس نییە، بەڵکو پێویستە کار بۆ گەشەپێدان و بەهێزکردنی پێکهاتەکان بکرێت تا لەسەر خاکی باووباپیرانیان بمێننەوە، ئەم دیدگایەش لە واقیعدا بە پشتیوانیکردنی بونیادنانی کەنیسەکان، تەرخانکردنی زەوی، کارکردنی پتر لە 50 قوتابخانەی حکوومی بە زمانی سریانی بۆ لانی کەم شەش هەزار قوتابی، و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی سریانی بۆ پاراستنی مێژووی ناوچەکە بەرجەستە دەبێت؛ هاوکات لەگەڵ دابینکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ گەنجان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کۆچکردنیان، وەک نموونەیەکی زیندووش، شاری عەنکاوەی هێنایەوە کە لە ساڵی 1991 تەنیا دوو کەنیسەی تێدابوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی پشتگیرییەکانی حکوومەتەوە بووەتە خاوەنی 17 کەنیسە، زانکۆ، نەخۆشخانە و دامەزراوەی مرۆیی جۆراوجۆر.
ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە کۆتایی گوتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە پەیامی هەرێمی کوردستان ڕوونە؛ داهاتووی مەسیحییەکان لە عێراقدا نابێت لە کۆچکردنی بەردەوامدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونێکی کارا، هاوبەشیی ڕاستەقینە و یەکسان بونیاد بنرێت.
دواتریش بەشداربووانی کۆنگرەی هێلسینکی لە میانی گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، سەرسامیی قووڵی خۆیان بۆ مۆدێلی سەرکەوتووی پێکەوەژیانی ئایینی و فرەیی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی، وەک ئەزموونێکی دەوڵەمەند، پێشەنگ و شایستەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکدرایەوە.
































































