ڕائیب زراری- زاری كرمانی:
ئەمساڵ بە هەزاران گەشتیار ڕوویان لە سەیرانگە و هاوین هەوارەكانی سنووری قەزای مێرگەسۆر كردووە، ڕۆژانەش ئەو ژمارەیە زیاتر دەبێت، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سنوورەكەش، دەڵێت، ئەوەی پێویست بێت بۆ گەشتیاران كراوە، بۆ ئەوەی بێ كێشە ڕوو لە سەیرانگەكانی سنوورەكە بكەن.
هەبدولوەهاب حەسەن، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ بارانێكی زۆر لە ناوچەكە باری، ئەوەش وای كرد وەرزی بەهار دوا بكەوێت، ئەوە هۆكارێكی گرنگ بوو كە گەشتیارێكی زۆر ڕوو لە سەیرانگە و هاوین هەوارەكانی دەڤەری بارزان بكەن، ئەوەش وای كرد كە ڕێژەی گەشتیاران زۆر زیاتر بێت لە چاو ساڵانی ڕابردوو.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری مێرگەسۆر، دەشڵێ، بەردەوام سەردانی سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەكان دەكەین و ڕێنمایی دەدەینە گەشتیاران بۆ ئەوەی شوێنە گەشتیارییەكان بە پاك و خاوێنی ڕابگرن و ژینگەی ناوچەكە تێك نەدەن، لە هەمان كاتدا هەر كێشەیەكیان هەبێت بە زووترین كان بۆمان چارە كردووە، ئێستاش بەردەوام گەشتیاران ڕوو لە شوێنە گەشتیارەكانی ناوچەكە دەكەن، بەتایبەتی گەلی زۆرەگڤان، واری پیران، كانی شەكران، ئیسومەران و چەندین شوێنی دیكە.


































































