نوسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نوسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
بۆ ئەوەی پرۆسەی ئەنجامدانی کەڵەشاخ بە تەواوی سەلامەت و بەسوود بێت، مەرجە پێش دەستپێکردنی، جەستە و دەروونی چارەخواز لە دۆخێکی ئارام و جێگیردا بێت. چونکە تێرخەونەبوون یان بوونی نیشانەی کتوپڕی وەک ڕشانەوە، جەستە تووشی ماندوێتیی توند دەکەن؛ ئەمەش نەک هەر سوودی کەڵەشاخەکە ناهێڵێت، بەڵکو مەترسیی سەرگێژخوردن و زیانگەیاندن بە تەندروستیی نەخۆشەکە دروست دەکات.
یەکێک لە مەرجە هەرە گرنگەکانی پێش ئەنجامدانی کەڵەشاخ ئەوەیە کە چارەخواز بە باشی نوستبێت و ماندوو نەبێت. کەمخەوی جەستە دەخاتە دۆخی شڵەژان و ماندوێتییەکی زۆرەوە، بۆیە ئەنجامدانی کەڵەشاخ لەو کاتەدا ئەم کێشانە دروست دەکات :
مەترسیی بوورانەوە و سەرگێژخوردن: کاتێک مرۆڤ کەم دەخەوێت، کۆئەندامی دەماری ماندووە و ناتوانێت هاوسەنگیی جەستە وەک پێویست بپارێزێت. کاتێک کوپەکانی کەڵەشاخ لەسەر پێست دادەنرێن، فشارەکە دەبێتە هۆی ئەوەی پەستانی خوێن بە خێرایی دابەزێت، ئەمەش وا دەکات نەخۆشەکە کتوپڕ سەری گێژبخوات یان ببوورێتەوە.
هەستکردن بە ماندوێتی و ئازاری زیاتر، کەمخەوی و نەخەوتن دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی هۆڕمۆنەکان و بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنەکانی دڵەڕاوکێ و ترس لە جەستەدا (وەکو هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ و هۆڕمۆنی ئەدرینالین). بەرزبوونەوەی کتوپڕی ئەم هۆڕمۆنانە وا دەکات کە سیستەمی دەماریی مرۆڤ زۆر هەستیار بێت، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی چارەخوازەکە لە کاتی بریندارکردنی پێستەکەدا هەست بە ئازارێکی زۆر توندتر بکات و جەستەی زیاتر ماندوو بێت لە دۆخی ئاسایی خۆی دا.
خاوبوونەوە و چاکبوونەوەی برینەکان جەستەی مرۆڤ تەنها لە کاتی خەوی قووڵ و ڕێکدا دەست دەکات بە نوێکردنەوەی خانەکان و چاککردنەوەی شوێنە بریندارکردن و زیانلێکەوتووەکان. کاتێک نەخۆش کەمخەو بێت، شیفای جەستەی کەم دەبێتەوە و برینی کونکردنەکانی پێست بەهۆی کەڵەشاخەوە زۆر درەنگتر ساڕێژ دەبنەوە.
تێبینی : بۆ ئەوەی پرۆسەی ئەنجامدانی کەڵەشاخ بە تەواوی سەلامەت، تەندروست و بێدەرد بێت و چارەخوازەکە زۆرترین سوودی لێ ببینێت، مەرجە پێش هاتنی چارەخواز بۆ لای چارەسەرکاری کەڵەشاخ لانی کەم (٧ بۆ ٨ کاتژمێر) خەوێکی تەواو، قووڵ و ئارامی کردبێت، چونکە کەمخەوی و نەخەوتن جەستە ماندوو دەکات، هۆڕمۆنەکانی دڵەڕاوکێ (وەکو کۆرتیزۆڵ و ئەدرینالین) بەرز دەکاتەوە، ئەمەش مەترسیی سەرگێژخوردن و دابەزینی کتوپڕی پەستانی خوێن زیاد دەکات، هەروەها وا دەکات نەخۆشەکە هەست بە ئازاری زۆرتر بکات و برینەکانیشی درەنگتر ساڕێژ ببنەوە. ئەگەر چارەخواز تێرخەو نەبوو، باشترە پرۆسەی ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ کاتێکی تر دوا بخرێت.
































































