شههلا سۆفى- زارى كرمانجى:
شارەزایان پێشنیاری هەڵبژاردنی بژاردەی دەوڵەمەند بە پرۆتین یان دژە ئۆکسێنەر دەکەن لەبری خواردنەوە شەکردارەکان پێش خەوتن.
پالۆما ڤیگا، پسپۆڕێکی خۆراک بە ئیتینگ وێڵ دەڵێت: “خواردنەوە شیرینەکانی وەک چای شیرین و شەربەتی میوە و قاوە شیرینکراوەکان دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای شەکری خوێن، چونکە بە خێرایی هەڵدەمژرێن و هیچ ڕیشاڵ و چەوری و پرۆتینیان نییە بۆ خاوکردنەوەی پرۆسەی هەرسکردن”.
وەک یەکێک لە خواردنەوە ئارامەکان، چای گوڵه بهيبون هەڵبژاردەیەکی باشە بۆ پاراستنی ئاستی شەکری خوێن بە شێوەیەکی تەندروست، بەپێی پسپۆڕانی خۆراک.
ئەگەر بەدوای بەدیلێکی پڕکەرەوەتردا دەگەڕێیت بۆ چا، شیرو زەردەچەوە، هەڵبژاردەیەکی زۆر باشە.زەردەچەوە تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە، کاتێک ئەم خواردنەوەیە لهگهڵ شیر دروست دەکەیت، بڕێکی کەم لە پرۆتین و چەوریش بەدەست دەهێنیت، کە دەتوانێت یارمەتیت بدات شەکری خوێنت بە درێژایی شەو جێگیر بێت. ئەگەر پرۆتینی زیاترت دەوێت، باشتر وایە شیری مانگا، شیری سۆیا بەکاربهێنیت، نەک شیرەکانی تر کە لەسەر بنەمای ڕووەکی دروستکراون.
هەروەها چای سەوز پڕە لە دژە ئۆکسێنەر کە دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە پاراستنی ئاستی شەکری خوێن بە شێوەیەکی تەندروست لە درێژخایەندا. بەو پێیەی خواردنی بڕێکی زۆر کافاین پێش خەوتن پێشنیار ناکرێت، باشتر وایە چای سەوزی بێ کافاین هەڵبژێریت بۆ تامی جۆراوجۆر دەتوانیت نەعنا یان زەنجەبیلی تازە تێبکەیت.
ئەگەر بەیانیان بە کەمی شەکری خوێنەوە لە خەو هەڵدەستیت یان ئەگەر وەرزشێکی زۆرت کردووە، خواردنەوەی پرۆتینی کەم شەکر پێش خەوتن دەتوانێت جیاوازییەکی گەورە دروست بکات.
شارەزایان پێشنیاری هەڵبژاردنی خواردنەوەیەکی پڕۆتین دەکەن کە لانیکەم ٢٠ گرام پرۆتینی تێدابێت و کەمتر لە پێنج گرام شەکری زیادکراوی تێدابێت. تا شەکر کەمتر زیاد بکرێت باشترە، بەتایبەت لە شەواندا کە چالاکیی جەستەیی کەمتر دەبێت و جەستە بە هێواشی گلوکۆز لە خوێن پاک دەکاتەوە.


































































