سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
ئێوارەی ئەمڕۆ كاتژمێر 6 بەكاتی هەولێر، یاریگەی لوسێل لەدۆحەی پایتەختی قەتەر باوەش بۆ فایناڵی 22 ـەمین وەشانی مۆندیال دەكاتەوە.
ئارجێنتینا لەئەمریكای لاتین و فەڕەنسا وەك نوێنەری كیشوەری ئەمریكای لاتین، كێبڕكێ لەسەر زیادكردنی ئەستێرەی سێیەم لەسەر درێسەكەیان دەكەن.
پێش ئەم یارییە ئامارەكان لەبەرژەوەندی مێسی و هاوڕێكانین، بەجۆرێك زۆرترین یارییان لەفەڕەنسا بردۆتەوە.
لەم پاڵەوانێتیەی مۆندیال، تانگۆ 6 یاریی ئەنجامداوە و، 13 جار تۆڕی ركابەریان هەژاندووە و 5 گۆڵیشیان لێكراوە.
لەبەرانبەردا فەڕەنسا هەمان رێژەی گۆڵی تۆماركردووە و، وەك ئارجێنتینا 5 گۆڵی لێكراوە.
مێژوو دەریدەخات كە ئەم دوو هەڵبژاردەیە 12 جار بەریەك كەوتوون و، ئەلبیسلێستێ باڵادەستی خۆی سەپاندووە و، 6 یاریی بردۆتەوە، كەڵەشێرەكان 3 بردنەوە و، لە 3 یارییشدا یەكسانبوونە. ئارجێنتینا 15 جار تۆڕی فەڕەنسا ـی هەژاندووە، لەبەرانبەردا 13 گۆڵیان لێكراوە.
لەو ژمارە یارییە، 3 جار لەمۆندیال بەریەك كەوتوون ساڵی 1930 ئارجێنتینا بە گۆڵێكی بێ وەڵام براوەبوو، مۆندیالی 1978 جارێكی تر تانگۆ لە فەڕەنسای بردەوە ئەمجارەیان 2-1، لەدوا مۆندیالیشدا ساڵی 2018 فەڕەنسا 4-3 لەئارجێنتینای بردۆتەوە.
ئەوەی بوەتە مایەی نیگەرانی لەدڵی هاوسۆزانی تانگۆ، زۆری ژمارەی شكستی هەڵبژاردەكەیانە لەمۆندیال، كە شەشەمین جارە دەگەن بەیاریی كۆتایی، پێشتر 3 جار تووشی شكست بوونە و، ساڵانی 1978 و 1986 بوونەتە پاڵەوانی مۆندیال.
هاوكات كەڵەشێرەكان چوارەمین جاریانە دەگەن بەفایناڵ، ساڵانی 1998و 2018 بوونەتە پاڵەوان و، 2006 دژی ئیتاڵیا بەلێدانی یەكلایكەرەوە شكستی هێنا.
ئەگەر ئەمڕۆ پارێزگاری لەنازناوەكەیان بكەن دەبنە سێیەم هەڵبژاردە دوو وەشان لەسەر یەك نازناوی مۆندیال ببەنەوە، دوای ئیتاڵیا 1934 و 1938، بڕازیل 1958 و 1962.
ئەم یارییە رووبەڕووبوونەوەی یازدەیەمە لەنێوان هەڵبژرادەكانی ئەمریكای لاتین و ئەوروپا، لە10 یاریی رابردوو لاتینیەكان 7 جار نازناوەكەیان بەدەستهێناوە، ئەو سێ شكستەی بەر لاتینیەكان كەوتووە، دوویان هی ئارجێنتینا بوونە لەساڵانی 1990 و2014 هەردووكیان دژی ئەڵمانیا بوونە.
ئەو ئامارانەی فەڕەنسییەكان دڵیان پێخۆشە ئەوەیە، كە لەدواین 10 رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەكانی تووش شكست نەبووە و، 6 یاریی بردۆتەوە و 4 یەكسانبوونی تۆماركردوون.
تانگۆ، بەشێوەیەكی جیاواز لەم پاڵەوانێتیە دەركەوتووە بەتایبەت لەرووی بەرگرییەوە ئامارەكان دەریدەخەن، كە كەمترین مەترسی چوەتە سەر گۆڵی ئیملیانۆ مارتینێز.
رێژەی لێدان بۆگۆڵی ئیملیانۆ 5.7 بووە بۆ هەر یارییەك، كە كەمترین رێژەیە بەراورد بە31 هەڵبژاردە بەشداربووەكەی دیكە. بەشێوەیەك رێژەی گۆڵ تۆماركردن لە ئارجێنتینا 0.6 بووە لەو 6 یارییەی كە ئەنجامیداون.
ئەفسانە لیۆ، خاوەنی ئاماری تایبەت و سەرنج راكێشە لەم پاڵەوانێتیەدا، مێسی یاریی ژمارە 26 ـی خۆی لەمۆندیال ئەنجامدەدات، كە یەكەمین یاریزانە بگاتە ئەو رێژە یارییە،
ئەفسانە لە 25 یاریی رابردوو 11 گۆڵی تۆماركردوون، كە 5 یان لەم پاڵەوانێتیە بوونە، هاوكات 8 ئاسیتستی هەن كە، سێ ئاسیستیان لە مۆندیالی 2022 ـن. ئەگەر لەم یارییە گۆڵ یان ئاسیست بكات ئەوا دەبێتە یەكەم یاریزان لەمێژوو بەشداری 20 گۆڵ لەمۆندیال بكات.
مباپێ، هێرشبەرە مەتریسیدارەكەی كەڵەشێرەكان هەمان رێژەی گۆڵی مێسی تۆماركردووە لەمۆندیال و، خاوەنی 5 گۆڵە. تا ئەم ساتەش بەشداری 13 یاریی كردووە لەجامی جیهانی 9 گۆڵ و 3 ئاسیستی تۆماركردوون و نازناوێكی بردۆتەوە. هاوكات فەڕەنسا خاوەنی چەكێكی بەهێزی دیكەیە لەپاڵ كێلیان ئەویش ئەنتوان گریزمانە، تا ئەم ساتە 21 هەلی بۆ هاوڕێكانی رەخساندووە واتە بۆ هەر یارییەك 3.5 هەبووە، ئەمەش زۆرترینە بەراورد بەیاریزانەكانی دیكە لە مۆندیالی 2022.
پەیژەكانی یاریگەی لۆسێل، جێگەی 80 هەزار هاندەری لێدەبێتەوە، بەڵام چاوەڕێدەكرێت 90 هەزار كەس ئامادەبن لەنێو یاریگە و، 60 هەزاریان بەدرێس و ئاڵای تانگۆ دێن بۆ ئەوەی دوا ساتەكانی مێسی لەمۆندیال ببینن.