ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو، هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سنە توانیویانە سەدان کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە بازاڕ و ڕێگاکانی گواستنەوە کۆنتڕۆڵ بکەن و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی پەیوەندیدار بەو بابەتەش بخەنە ژێر چاودێری یاسا.
بەپێی بڵاوکراوەکە، کە لەلایەن ناوەندی میدیایی پۆلیسی سنەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ٢١ـی ئاداری ٢٠٢٦ـەوە تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، لە ئەنجامی هەڵمەتە بەردەوامەکانی دژ بە تۆڕەکانی ماددە هۆشبەر، ٢٤٣ کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆر، لە شوێنە جیاوازەکانی پارێزگاکە دەستبەسەردا گیراوە.
هاوکات هەر لەو ماوەیەدا، ٤٦٧ کەس کە ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەکان بوون، ناسێنراونەتەوە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و پرۆگرامەکانی شیاندنەوە، گواستراونەتە ناوەندە تایبەتەکان، ئەمەش بە مەبەستی دووبارە خۆگونجاندەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە.
لە بڵاوکراوەکەدا، ئەوەش هاتووە کە لەگەڵ ئەو هەنگاوانەدا، ژمارەیەک لە بازرگانان و دابەشکەرانی مادە هۆشبەرەکانیش دەستگیرکراون. لەلایێکی تر، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر چەندین ئامراز و هۆکاری گواستنەوە، لەوانە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلدا گرتووە، کە بۆ هەڵگرتن و بڵاوکردنەوەی مادە قەدەغەکراوەکان بەکاردەهێنراون.
بڵاوکراوە فەرمییەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە کێشەی مادە هۆشبەرەکان هێشتا یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکانی ناوچەکە، چونکە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٣٠٠ کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای سنە دەستبەسەردا گیراوە. لە هەمان کاتدا، نزیکەی ١٥٠٠ کەس بەهۆی تێوەگلان لە فرۆشتن، گواستنەوە یان بەکارهێنانی ئەو ماددانە، لەلایەن دەزگا یاساییەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.


































































