زاری كرمانجی-سۆران
بەپێی پێشبینییە فەلەکی و کەشناسییەکان، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەچێتە وەرزی هاوینەوە، ئەمەش هاوکات دەبێت لەگەڵ کاریگەریی شەپۆلێکی توندی گەرما کە تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە و لە هەندێک شوێندا پلەکانی گەرما نیشانەی نیوەی کوڵان تۆمار دەکەن.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، حیساباتی فەلەکی ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێکی فەرمی وەرزی هاوین دەبێت. بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە کەشوهەواییەشەوە، پێشبینی دەکرێت ڕۆژانی هەینی، شەممە و یەکشەممە لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کەشێکی بەهێزتر و گەرمتر بەدی بکرین.
سەبارەت بە قۆناغەکانی دەستپێکردنی ئەم شەپۆلە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەمرۆ پێنجشەممەوە پلەکانی گەرما بە ڕێژەی ١ بۆ ٢ پلەی سیلیزی ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، بەڵام کاریگەریی سەرەکی و توندی ئەم شەپۆلە لە ڕۆژی شەممەدا بەدیاردەکەوێت، بەجۆرێک گەرمایەکی بەهێز هەرێم و عێراق دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچەدا دەگەنە نێوان ٤٩ بۆ ٥٠ پلەی سیلیزی.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو شارەزایەی کەشناسی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و ڕێنماییان دەکات کە لە کاتەکانی پێشنیوەڕۆ تاوەکو عەسر، خۆیان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بپارێزن، بەو پێیەی لەو ماوەیەدا ئاستی تیشکی سەرووی وەنەوشەیی (UV) بەرز دەبێتەوە و پێویستە کەمتر بچنە بەر هەتاو.

































































