شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی :
ئۆتیزم بریتییە لە کۆمەڵێک ڕەفتاری تاکەکەسی کە کاریگەری لەسەر کەسانی جیاواز هەیە بە شێواز و پلەی جیاواز، لە کاتێکدا هیچ هۆکارێکی ناسراوی ئۆتیزم نییە، بەڵام دەستنیشانکردنی پێشوەختە دەتوانێت یارمەتی خەڵک بدات بۆ دۆزینەوەی ئەو پشتگیری و خزمەتگوزارییانەی کە پێویستیانە.
د. محەممەد حەسەن، پسپۆڕی منداڵان و گەشەی منداڵان، لەبارەی دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئۆتیزم، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند” تایبەتمەندی و دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئۆتیزم لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، بەڵام نیشانە سەرەکییەکانی قسە نەکردن، نەبوونی نەخۆشی زارەکی نائاسایی، زەحمەت تێگەیشتن، پاراستنی هاوڕێیەتی و بەردەوام بوون لەگەڵیان و لە هەموو ئەمانە گرنگتر زۆر بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، کە کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر تەندروستی و مێشکی منداڵ.
سەبارەت بە چارەسەریەکانیش، گووتی” تا ئێستا بە شێوەیەکی سەرەکی هیچ دەرمانێکی دیاریکراو نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری بکات، بەڵام زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ڕاستەوخۆ چارەسەری ئەوە بکرێت کە یارمەتی گەشەی مێشکی بدرێت ئەوەش لە ڕێگەی ڕاهێنان، تیم و چارەسەرکەران، دەکرێت ببەنە یارمەتیدەرێکی باش بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک هاوکار بن نیشانەکانی کەمتر ببنەوە و کاریگەرییەکانی ئۆتیزم لەسەر منداڵەکە کەم بکرێنەوە، ئەمەش لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر گۆڕانکاری بەسەردا دێت.