ئەژین غەفار- زاری کرمانجی
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، نوێترین کتێب بە ناونیشانی (هەواڵ، پەیام، گفتوگۆ و وتارەکانی سەرۆک بارزانی ٢٠٢٥) چاپ و بڵاوکراوەتەوە و ئێستا لەبەردەستی خوێنەران و توێژەراندا دایە.
بەپێی زانیارییەکان، کتێبەکە هەموو هەواڵ، پەیام، گفتوگۆ و وتاری سەرۆک بارزانی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ کۆ کردووەتەوە و وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگی ئەرشیفی و مێژوویی پێناسە دەکرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم بەرهەمە دەتوانێت وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ میدیاکاران، توێژەران، خوێندکاران و هەموو ئەو کەسانەی لە بوارەکانی مێژوو، دۆکیۆمێنتکردن و ئەرشیفدا کار دەکەن، سوودبەخش بێت.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەشڵێت، ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە تەنها کۆکردنەوەی وتە و پەیامەکان نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پاراستنی سەرچاوە مێژووییەکان و تۆمارکردنی ڕووداو و وێستگە گرنگە سیاسی و نەتەوەییەکان، بۆ ئەوەی وەک بەڵگەیەکی گرنگ بۆ داهاتوو بمێننەوە.
لە کۆتاییدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە چاپکردنی ئەم بەرهەمە درێژەپێدانێکە بە خزمەت و هەوڵە بەردەوامەکانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی بەڵگەنامە نەتەوەییەکان، هەروەها دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی بە بەرهەمە مێژوویی و دۆکیۆمێنتارییەکان.


































































