وەزارەتی گەیاندنی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵیی چەند کۆمپانیایەکی ئینتەرنێتی ئاشکرا کرد کە ساڵانە زیانی 200 ملیار دیناری بە داهاتی گشتی گەیاندووە و فێڵی لە 10 هەزار خێزان کردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەکە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە تۆڕێکی ڕێکخراوی کۆمپانیاکان تێکبشکێنن کە بە پسوولەی نافەرمی، ئینتەرنێتی بازرگانییان وەک خزمەتگوزاریی ماڵان بە هاووڵاتیان فرۆشتووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیانمەندبوونی زیاتر لە 1.5 ملیۆن بەکارهێنەر لە وڵاتەکەدا.
وەزارەتی گەیاندن ڕوونیکردەوە کە بەشێک لەو کۆمپانیایانە بۆ شاردنەوەی سەرپێچییەکانیان، بەبێ فەرمانی فەرمی هێڵی ئینتەرنێتیان لە هاووڵاتیان بڕیوە، بەڵام لە ئێستادا سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان تەواوکراون و تەواوی دۆسیەکان بۆ سزادانی توندی لایەنە سەرپێچیکارەکان ڕەوانەی دادگا کراون.

































































