هەژێن لوقمان
جوان دەرکەوتن و شیکپۆشی غەریزە و ئارەزوویەکی سروشتیی مرۆڤن و ناکرێت وەک کێشە سەیر بکرێن، بەڵام کێشە گەورەکە کاتێک دەست پێدەکات کە تەواوی بوون و هۆشیاری و ناسنامەی ئافرەت لە چوارچێوەی ئەم حەزانەدا کورت دەکرێتەوە، لێرەوە گەورەترین ململانێی ئافرەتی هاوچەرخ دەست پێدەکات کە ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو “پەروەردەی بەکاڵاکردن”ەیە کە لەسەر ئاستی جیهانی کار لەسەر زەوتکردنی بەها ڕاستەقینەکان دەکات .
ئەمڕۆ ئەم حەزە سروشتییە لە چوارچێوەی خۆی دەرکراوە و کراوەتە بازرگانییەکی گەورەی جیهانی، ساڵ بە ساڵ، و تەنانەت مانگ بە مانگ، مۆدێلی نوێ و ترێندی جیاواز بە نرخێکی گران دەخرێنە بازاڕەوە، سیستمە سەرمایەدارییەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە، بە جۆرێک کار لەسەر دەروونی ئافرەتان دەکەن کە وا هەست بکەن ئەگەر شوێن ئەم ترێندە گرانبەهایانە نەکەون، لە کاروانی مۆدێرن و سەرکەوتن بەجێماون، بەم شێوازە ئافرەتانی جیهانیان بە جەنگێکی دەروونییەوە سەرقاڵ کردووە، تەنها لە پێناو ئەوەی چەرخی دەستکەوتی دارایی کۆمپانیاکان نەوەستێت.
پەروەردەی بەکاڵاکردن دەیەوێت پێناسەیەکی ساختە بۆ “ئافرەتی سەرکەوتوو” دابڕێژێت، پێناسەیەک کە تێیدا ئافرەتی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە خاوەنی مۆدێلێکی دیاریکراوی ڕوخسار، براندەکانی جلوبەرگ یان ژمارەیەکی زۆریفۆلۆوەر و بینەر بێت لە سۆشیال میدیادا ،ئەم جۆرە پەروەردە چەوتە وای لە زۆر کچ کردووە کۆنتڕۆڵی سنووری حەزەکانیان لەدەست بدەن و واز لە ویست و بەها ڕاستەقینەکانی خۆیان بهێنن، تەنها لە پێناو ئەوەی لەو قاڵبە بازرگانییەدا جێگایان ببێتەوە، ئەمە مەترسییەکی گەورەیە چونکە وزەی گەنجێتی و فیکریی ئافرەت لە خەونە گەورەکانی (وەک بەدەستهێنانی زانست، داهێنان و پێگەی بڕیاردان) دادەبڕێت و سەرقاڵی دەکات بە جەنگێکی بەردەوام لەگەڵ واقیعی خۆی و جەستەی خۆی.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم لافاوە جیهانییەی بەکاڵاکردن، پێویستیمان بە هۆشیارییەکی گشتی و بەکۆمەڵ هەیە کە لە ناو خێزان و ناوەندە پەروەردەییەکانەوە دەست پێبکات، چارەسەری ڕاستەقینە لەوەدایە کە گوتارێکی نوێی کۆمەڵایەتی زیندوو بکرێتەوە، گوتارێک کە هاوسەنگی لە نێوان حەزە سروشتییەکان و پێویستییەکانی گەشەی فیکریدا دروست بکات، پێویستە نەوەی نوێی کچان فێری چەمکی “سنوور” ببن ، تا تێبگەن کە شیکپۆشی دەکرێت مافێکی تایبەتی بێت بەڵام بە جۆرێک نا دەست بەسەر تەواوی دەروون و حەز و خولیا و خەونەکاندا بگرێت ،
شکۆ و زانست و ئیرادە ناسنامەی هەمیشەیین، ئافرەتی سەرکەوتووی ڕاستەقینە ئەو ئافرەتەیە کە بە ئیرادە پۆڵایینەکەی، سنووری حەزەکانی دیاری دەکات و دەسەلمێنێت کە پێگەی ئەو لە جیهاندا بە قورسیی فیکر و کارامەییەکانیەتی، نەک بەو پێوەرە بازرگانییانەی کە بازاڕ دەیەوێت بەسەریدا بسەپێنێت.
































































