زاری کرمانجی-سۆران
ئەمڕۆ چوارشەممە (17ی حوزەیرانی 2026)، ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی سێ بڕگە كرا:
لە بڕگەی یەکەمدا، بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانە و گرفت و چارەسەرەکان.
لە بڕگەی دووەمدا، بابەتی بڕیاردان بوو لەسەر بابەتی خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی کە مەرجی یاسایی تەمەن و ساڵانی خزمەتی خانەنشینییان هەبووە.
لە بڕگەی سێیەمدا، بابەتی ڕاگرتنی سوودمەندیی خاوەن داهاتە باڵاکان لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکیی ناوەندی، کە لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی لە خەرجییە حاکمەکان پارەی بۆ تەرخان دەکرێت و تایبەتکردنی بە خاوەن داهاتە سنووردارەکان.

































































