مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمەریكیی لە زاری سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی ئاشكرای دەكات كە وڵاتەكەی داوای لە ئەمریكا كردووە بۆ ئەوەی چاوی بە دەقی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران بكەوێت، بەڵام داواكارییەكەی ڕەتكراوەتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە “ئەو ڕەتكردنەوەیە، ئیسرائیلی هاوپەیمانی سەرەكیی ئەمریكای تووشی سەرلێشێواویی و شۆكێكی گەورە كردووە.”
سەرچاوە ئیسرائیلییەكە پێی وایە هۆكاری ڕەتكردنەوەی داواكارییەكە، پەیوەندی بە ترسی ئیدارەی ترەمپ بێت لەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، پێش بڵاوكردنەوەی فەرمی، دەقی ڕێككەوتنەكە دزە پێ بكات.
هاوكات، بەرپرسێكی ئەمریكی ئەو هەواڵەی ڕەتكردەوە و دەڵێت “ئەمریكا لە تەواوی ماوەی دانوستانەكاندا، هەماهەنگییەكی زۆری لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەكانمان، ببە ئیسرائیلیشەوە، پاراستووە.”

































































