ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
نرخی زنجیرە مۆبایلەکانی ئایفۆن ١٧ لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥٠ دۆلار دابەزیوە. بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی ئامێرەکانی ئەپڵ ئەم گۆڕانکارییەی بۆ دابەزینی نرخی بیتکۆین گەڕاندەوە.
شاهۆ شەریف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئایفۆن لە هەولێر، ڕاگەیاند “نرخی ئایفۆن ١٧ پڕۆماکس ئێستا گەیشتووە بە ١١٠٠ دۆلار. لە کاتێکدا ئایفۆن ١٧ پڕۆ بە هەزار دۆلار دەفرۆشرێت.”
بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو، مانگی ڕابردوو نرخی ئایفۆن ١٧ پڕۆماکس ١٢٥٠ دۆلار و ئایفۆن ١٧ پڕۆ ١١٥٠ دۆلار بوو، بە واتای ئەوەی نرخەکان لە ماوەی مانگێکدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیون.
شاهۆ شەریف لەبارەی هۆکاری ئەم دابەزینەش ڕوونی کردەوە و گووتی، “هەموو ساڵێک لە مانگەکانی شەش و حەوت نرخی مۆبایل تا ڕادەیەک دادەبەزێت، بەڵام ئەمجارە دابەزینەکە بە ڕێژەیەکی زیاتر بووە”. بە وتەی ئەو، “هۆکارێکی سەرەکی بریتییە لە کەمبوونەوەی نرخی بیتکۆین، چونکە هەندێک لە بازرگانان مۆبایلەکان دەفرۆشن و پارەکەیان دەگۆڕن بۆ کڕینی بیتکۆین.
لە هەمان کاتدا، بەڕێوەبەری ئایزۆن ئاماژەی بەوە دا کە نرخی ئایپادەکانی ئەپڵ هێشتا جێگیرە و هیچ دابەزینێکی بەخۆیەوە نەبینیوە.”
هەروەها ئایفۆن ١٦ پڕۆماکس و ئایفۆن ١٧ پڕۆماکس لە ئێستادا بە هەمان نرخ، واتە ١١١٠ دۆلار، لە بازاردا هەن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی سیستەمی سیمکارت، چونکە ئایفۆن ١٦ پشتیوانی لە هەردوو هەڵبژاردەی سیمکارت و eSIM دەکات، بەڵام ئایفۆنی ١٧ تەنها بە سیستەمی eSIM کار دەکات.

































































