رێبوار حەمەلاو شوانی
هەموو هەوڵەكانی سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی سەرۆك مسعود بارزانی ، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی كوردستان، لەنێو گێژاو و ململانێیەكانی ناوچەكەدا، ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكی قورس و وردبینانە و ژیرانەیە لە پێناو پارێزبەندیی و دروستكردنی دڵنییایی ئابووری و ئەمنی و سەقامگیری بۆ گەلی كورد و لە پێناو گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان .لەماوەی چەند ساڵی رابردوو ، چ بەهۆی گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكە و چ بەهۆی فشارە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەكانی بەغدا دژی گەلی كورد وهەرێمی كوردستان ، تەنها زیانگەیاندن نەبوو بە هەرێمی كوردستان بەڵكو زیانی گەورەش بەر ئابووری گشتی عێراق بوو ، لە هەمانكاتیشدا پێشێڵكردنی بنەماكانی هاوبەشی بوو لەگەڵ هەڕێمی كوردستان ، هەروەها شەڕێكی دەستووریی بۆ لێدانی سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان ، وزیانگەیاندن بە كۆمپانیاكانی بواری وزە و دامەزراوە نەوتییەكان ، بەڵام سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، سەرۆكی حكوومەتی كوردستان بۆ بەغدای پایتەخت ، گەڕانەوەیە بۆ ئەو سیاسەتە دروستەی هەرێمی كوردستان كە چەندین ساڵە داوا دەكات لە پێناو سەقامگیریی ئابووری و ئەمنیی نەك تەنها بۆ كوردستان بەڵكو بۆ سەقامگیری هەموو عێراق
سەردان و ڕێككەوتنێكی ستراتیژی نێوان هەولێر و بەغدا :
بەدڵنییاییەوە ، سەردانی شاندنی باڵای سەربازیی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی كوردستان و دیداروكۆبوونەوە لە سەر ئاستی لووتكە ، نەك هەر سەركەوتنێكی گەورەی ستراتیژی هەرێمی كوردستانە ، بەتایبەتی كە چەند ساڵێك بوو دەسەڵاتدارانی بەغدا هەوڵی دەدا بەڕێگەی سیناریۆ و گوشاری سیاسیەكانی گڕێبەستە نەوتییەكانی كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە جیهان پەكبخات ، بۆیە ئەم ڕێككەوتنە ئەمنییەی نێوان هەوڵێر و بەغدا ، پاشەكشێی هەموو ئەو گوشار و مەرجانەی عێراقە بۆ پارێزگاریكردن لە وەبەرهێنەران و بەتایبەتیش پارێزگاریكردن لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت و وزە و دڵنییایش بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان و بەهێزبوونی سەنگ وپێگەی هەرێمی كوردستان لەبوارەدا كە ساڵانێكی زۆر كوردستان بەردی بناغەی بۆ داناوە
پێشمەرگە وەك هێزێكی دەستووری و هاوبەشێكی ئەمنی ستراتیژی :
لەماوەی رابردوو پروپاگەندەی زۆر سەبارەت بە شوناس و پێگەی و نایاسایی بوونی پێشمەرگە ، لەلایەن نەیارانی كوردو و پێشمەرگەوە بڵاو كرایەوە، ئەم ڕێككەوتنە هێزەكانی پێشمەرگە و دانانی پلانی هاوبەش بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان لە عێراق و دروستكردنی هەماهەنگییەكان ، كۆتایی بە چەندین ساڵ نەبوونی هەماهەنگی و بێ متمانەیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقی فیدڕاڵ دێنێت ، ڕێگە خۆش دەكات تاوەكو بەڕێگەی هاوبەشییەوە ئامێری پێوست بۆ پاراستی كێڵگە نەوتییەكان دابین بكرێت و ڕێگری لە هەموو هەڕەشەیەكی دەرەكی و ناخۆیی بگیرێت كە ئارامی وسەقامگیری هەرێمی كوردستان و شوێنە ستراتیژییەكان بكرێنە ئامانج
كۆتایی هێنان بەو بەستەڵە و كێشە داراییانەی نێوان بەغدا و هەولێر :
ساڵانێكی زۆر بوو ، حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا ، پرسی مووچە وبودجەیان وەك كارتێكی گوشاری دارایی لە دژی گەلی كورد و هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنا ئەوەی گڕێكوێرە و بێ متمانەیەكی زۆری دروستكردبوو ، بەڵام ئەم سەردان و رێككەوتن و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵی ڕێگەی خۆشكرد ، نەك تەنها هەناردە كردنەوە و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت خۆشبكات ، بەڵكو كۆتایی بە قەیرانی چەندین ساڵەی نەبوون پارە و ئینجا دابینكردنی مووچە خەڵكی كوردستان خۆش بكات و كۆتایی بە دڵەڕاوكێیەكان بهێنێت و ئەوەش ڕێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی بازارەكانی كوردستان ڕێكبخرێنەوە ، لە هەمانكاتیشدا پێگەی كوردستان لەكاتی گفتوگۆ سەربارەت بە بوودجە و مووچە لە نێو بودجەی گشتی عێراقی فیدڕاڵی بەهێ.تر بكات لەسەر بنەمای هاوبەشی
بەدڵنییاییەوە ، سەردان و ڕێككەوتننامەكانی ئەم دواییانە لە بواری ئابووری و وزە و ئەمنی نەك تەنها گەڕانەوەی متمانەیە لە نێوان هەر دوو حكوومەتی كوردستان و عێراقی فیدراڵی ، بەڵكو ڕێوشوێنكی گرنگ و ستراتیژییە بۆ پارێزگاریكردن لە كۆمپانیاكانی بواری وەربەرهێنانی نەوت و گاز و دانپێنانێكی ستراتیژە بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ئینجا دڵنییایی و پارێزبەندیی ئابووری و ئەمنیی و دڵنیاییە لە بواری وەبەرهێنان و هەروەها بە سەقامگیرمانەوەی دوورگەیەكی ئارامە ئەویش هەرێمی كوردستانە ، لەناوچەیەكی پڕ كێشە و ئاڵۆزدا .
































































