محەممەد مەحموود-سۆران:
لە ماوەی قەدەغەی ڕاوی ماسی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە لایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران 14 کەس دەستگیرکراون و 6 کەسیش رووبەرووی یاساکراونەتەوە و دەستیش بەسەر کەلوپەلەکانییان داگیراوە.
عەقید ئەمیر خۆشەوی عیسا، گووتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند”
لە ماوەی قەدەغەی ڕاوی ماسی لە هەرێمی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە لایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران 14 کەس دەستگیرکراون و 6 کەسیش رووبەرووی یاساکراونەتەوە و دەستیش بەسەر تەواوی کەلوپەلەکانی ڕاوکردنیان داگیراوە، هەندێ لەو کەسانە بەر لەوەی بگەنە شوێنی ڕاوکردن گیراون دوای پێدانی زانیاری بە تیمەکانمان و چاوکراوەی کارمەندان لە شوێنە جیاجیاکان بۆ پاراستنی سامانی ماسی لە ناوچەکەمان.
گووتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران، گووتیشی: “ڕۆژی 15ی6ی2026 یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنەوەی ڕاوەماسیی بوو ، دەمانەوێت جارێکی تر ئەوە بە بیر هاووڵاتییان بێنینەوە هەندێ كەل و پەل بۆ ڕاوكردنی ماسی قەدەغەكراوەو نایاسایین، لەوانە (بەكارهێنانی مۆلیدەی كارەبا، بەكار هێنانی تۆڕی بچووك، بەكارهێنانی دەرمان، تەقەمەنی) هەروەها بەكارهێنانی هەموو جۆرە تۆڕێك لە پۆندی كاولۆكان قەدەغەكراوە، پۆندی کاولۆکان چاودێری زیاتری لەسەره لە بەر زۆری ژمارەی ماسی”.
لە کۆتایی قسەکانیدا عەقید ئەمیر خۆشەوی عیسا،
گووتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران، باسی لەوەکرد : ” تەنها بەكار هێنانی قولاب و تۆڕی فراوان ڕێگەپێدراوە بۆ ڕاوكردنی ماسی هەركەس سەرپێچی بكات، ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە، هەروەها هەر دووكاندارو فرۆشیارێك تۆڕی ماسی بچووك بفرۆشێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

































































