مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆمیساریای باڵای مافەكانی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاگەیاندراوێكی دا ئاشكرای دەكات كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 40 كەس لە ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە لە سێدارە دراون كە 18 كەسیان خۆپیشاندەر بوون.
ڤۆڵكەر تورك، كۆمیساریای باڵای مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند “بەداخەوە تاران سەركوتكاریی خۆی چڕتر كردووەتەوە دوای ناڕەزایەتییەكانی دوا ڕۆژەكانی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو و هەروەها دوای شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێكرد.”
گوتیشی “دەسەڵاتداران پەنایان بۆ سەركوتكردنی توند بردووە و هەزاران كەسیان دەستگیركردووە و سنوورداركردنی زیاتریان بەسەر كۆمەڵگەی مەدەنیدا سەپاندووە.”
بە گوێڕەی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، ئێران ساڵانە لە هەموو وڵاتێكی دیكە جگە لە چین، زۆرترین حاڵەتی لەسێدارەدان ئەنجام دەدات.

































































