زاری کرمانجی
بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامە.
دوای دەستپێکردنی قۆناغی یەکەم لە قەزای ڕواندز، دوێنێ دووشەممە دابەشکردنی زەوی لە قەزای خەلیفانیش دەستی پێکرد. بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، نەخشەی دابەشکردن لە خەلیفان 600 پارچە زەوی لەخۆ دەگرێت.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران، ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا نزیکەی ٤٠ هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە سنووری ئیدارەی سۆران مافی سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەویان هەیە و ٩٥٪ی ناوەکانیش پشکنین و وردبینییان بۆ ئەنجام دراوە.
بەپێی ئەو، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت و دوای خەلیفان، نۆرەی قەزای چۆمان دەبێت بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی دابەشکردن.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی کەمیی زەوی لە هەندێک ناوچە، سنووری شارەوانیی قەزا و ناحییەکان فراوان دەکرێت بۆ دابینکردنی زەوی بۆ هەموو شایستەبووان، و فەرمانبەرانی گرێبەستیش لەو پرۆسەیەدا سوودمەند دەبن.

































































