ئیمان یادەوەر
من دەزانم ئەوان نازانن مرۆڤ بە سەرێکی سوکەوە
بارێکی قورسە بەسەر ژیانەوە.
من کێشێکی کەم و کێشەیەکی زۆرم هەیە،
کێشم هەرگیز کێشەی گەورەی من نەبووە؛
کێشەی من ئەوەیە بۆچی ؟
ئارەزووی مرۆڤ لە گەدەی گەورەترە!
باوکم دەبینم بە دڵێکی ساف و نێودەستێکی زبرەوە
حەزدەکەم پێستم بدوورم بۆ دەستکێشی دەستەکانی
بۆ ئەوەی ژیان لەنێو قڵیشی دەستەکانیدا نەنێژێت.
گەر دڕندەیی مرۆڤ نەبایە ژیان کوا هێندە ترسناک بوو ؟
دەبێت دڵت لە شوێنکیتردا بشاریتەوە،
شوێنی دڵ ئاشکرایە بۆیە
ڕۆژ نییە نەیبەن و شەو نیە بە زووخاوەوە نەینێرنەوە .
گوڵ نازانێت بۆ کوێ بچێت
درەخت تا لووتکەی چیا ڕۆشت و مرۆڤ دایهێنایە خوارەوە .
هەینی جەژنی مرۆڤ و عاشورای سرووشتە
درەختێک بەدەم هەناوی گڕگرتوویەوە وەهای گووت .
مرۆڤ داخی کێشەکانی ڕۆژانی هەینی بە سرووشت دەڕێژێت
زەوی پڕ دەکات لە تاوان و ئاسمان پڕ لە دەنگی لێخۆشبوون .
خودا گوێ لە دڵی گیایەک دەگرێت لە ژێر پێی مرۆڤدا
بۆچی ئێوە گوێتان لە هاواری یەکتر نیە لە ژێر پێی یەکدا ؟
دایکە کراسە سەوزەکەت لە بەربکە، با بەهاری ئێمە چوار وەرزە بێت
با باوکم لەخەندەیەکتدا ماندووی ڕۆژگار بشارێتەوە
با من لە نێو دووڕوویی مرۆڤەکان، ڕووەو ڕووی تۆ
تا قیامەت دابنیشم.


































































