ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران لە لێدوانێکی تایبەت بە زاری کرمانجی ڕایگەیاند، “٪٩٥ـی ناوی فەرمانبەرانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گەڕاوەتەوە و پڕۆسەی پشکنین وردبینیش لە قۆناغی کۆتایی نزیکە”. دەشڵێت، “فەرمانبەرانی گرێبەستیش سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی”
ئەمڕۆ، دووشەمە، ڕێکەوتی ١٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ئەندازیار خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران، بە زاری کرمانجی گووت، “لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانی ئیدارەی سۆران، نزیکەی ٢٥ هەزار فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و تاکو ئێستا زۆربەی ناوەکان پشکنین و وردبینییان بۆ ئەنجام دراوە.”
بەپێی وتەکانی، سەرەڕای تایبەتمەندیی سروشتی و شاخاویی ناوچەکە، هەنگاوە پڕاکتیکییەکان بۆ ئامادەکردنی نەخشەی کەرتی بەردەوامن. لە قۆناخی یەکەمدا ٥٣٠ پارچە زەوی لە ڕەواندز دابەش کراون و لە چۆمانیش نەخشەی کەرتی بۆ ١٤٠٠ پارچە زەوی ئامادە کراوە، هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە قۆناغێکی نوێی دابەشکردنی زەوی لە قەزای خەلیفان دەست پێ کرد و ٦٠٠ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئەو قەزایە دابەشکرا.
هاوکات، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرمانبەرانی گرێبەستیش لە بڕیاری دابەشکردنی زەوی سوودمەند دەبن ئەگەر هاتوو ٨ ساڵ خزمەتیان هەبوو. بە وتەی ئەو، ئێستا چاوەڕوانی تەواوبوونی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ناوەکانیان دەکرێت و لەگەڵ زیادبوونی ناوی فەرمانبەرانی گرێبەست، ژمارەی ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن لە ٢٥ هەزار کەس زیاتر دەبێت.
لە کۆتاییدا، خەسرۆ ئیسماعیل ڕوونی کردەوە کە بەهۆی زۆریی داواکارییەکان و سنوورداربوونی زەویی ئامادە، پڕۆسەی دابەشکردن بەپێی سیستمی خاڵبەندی و ساڵانی خزمەت ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی دادپەروەری لە نێوان هەموو داواکاراندا پەیڕەو بکرێت.


































































