زاری كرمانجی-خەلیفان
كاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە دیوانی قائیمقامییەتی قەزای خەلیفان، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و قائیمقامی قەزای خەلیفان و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرو بەرپرسانی سنوورەكە تیروپشك بۆ دابەشكردنی 600 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران ئەنجامدرا.
لەمبارەیەوە مەغدید عەریف ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەلیفان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” تیروپشكی پێدانی زەووی بە فەرمانبەران بەپێی خاڵبەندی دیاری كرابوو، واتە ئەوانە لێی سوودمەند بوون كە زۆرترین خاڵیان هەبووە”.
قائیمقامی قەزای خەلیفان، گووتییشی: ” دوو شوێنی دیكە لە خەلیفان كاریان لەسەر دەكرێت بۆ تەرخان كردنی پارچە زەووی بۆ ئەوانەی هێشتا لە وەرگتنی سوودمەند نەبوونە، واتە قۆناغ بە قۆناغ هەموو ئەو فەرمانبەرانە لەوەرگرتنی پارچە زەووی سوود مەند دەبن كە ڕەزامەندی وەرگرتنیان هەیە.
دوای بڕیار و ڕەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان پرۆسەی دابەشكردنی پارچە زەووی بەردەوامی هەیە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان و سەرجەم ئەو مووچە خۆرانەی ڕێنماییەكان دەیان گرێتەوە.

































































