مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێكی دا ئاشكرای دەكات كە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكەی ڕۆژی یەكشەممەی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ گرژیی تێ كەوتووە و نەتانیاهوو هەڕەشەی كردووە كە پابەندی مەرجەكانی ترەمپ نابێت لە بارەی لوبنانەوە .
بە گوێڕەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی “مەعاریف”ی ئیسرائیلی، پەیوەندییەكانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ بەهۆی دۆسیەی لوبنان و ڕێككەوتنی ئەمریكا لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە بنبەست و گرژیی توند كەوتووەتە نێوان هەردوولا.
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەكە ئاماژەی بەوە كردووە “لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیدا، ناتانیاهۆ بە ڕاشكاوی بە ترەمپی ڕاگەیاندووە كە ئیسرائیل خۆی بە هیچ بەندێكی تایبەت بە لوبنان لەو ڕێككەوتنەدا پابەند ناكات و سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی لوبنان پاشەكشە ناكات كە ئێستا كۆنترۆڵی كردوون.”
هاوكات بە پێی چەند سەرچاوەیەك لە تەلئەبیب، هۆكاری تووڕەبوونی ناتانیاهۆ لە سەر ئەوە بووە كە ترەمپ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئیسرائیلی لەناو خاكی لوبناندا سنووردار كردووە.
لە ئێستادا ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات بەپەلە و دوای گەڕانەوەی ترەمپ لە لووتكەی كۆمەڵەی 7 لە ئەورووپا، كۆبوونەوەیەكی ڕووبەڕووی لەگەڵدا ئەنجام بدات.
































































