ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز و بەگوێرەی سەرچاوەکانی بازرگانی نەوت، هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز، رۆژانە لە نێوان 2.5 تا 3 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق، کوەیت و ئیمارات بۆ ڕێگری لە وەستانی تەواوەتی هەناردەکان، هەندێک ڕێگای جێگرەوەیان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی بەشێک لە بەرهەمەکانیان، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە، ئاستی هەناردەکان هێشتا لە ئاستی ئاسایی نزیک نەبووەتەوە.
بەپێی رۆیتەرز، هەرچەندە زیانەکانی دابینکردنی نەوت گەورەن، بەڵام ڕێژەکەی کەمترە لەوەی کە سەرەتا پێشبینیان دەکرد، بەو پێیەی سەرەتا چاوەڕێی لەدەستدانی 12 تا 15 ملیۆن بەرمیلیان دەکرد. لە ئێستادا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداو بۆ بازاڕی جیهانی رۆژانە بگاتە 5 تا 6 ملیۆن بەرمیل.
هەروەها راپۆرتەکە دەڵێت بەردەوامبوونی ئەم دۆخە و دابەزینی هەناردەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، بە تایبەتی عێراق، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کۆگاکانی نەوت لە جیهاندا. شارەزایان هۆشداری دەدەن ئەگەر ئاڵۆزییەکان درێژە بکێشن، ئەوا نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا زیاتر بەرز دەبێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە ڕوویاندا کە تاران، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی 2026، گەرووی هورمزی بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست. ئەم هەنگاوە شۆکێکی گەورەی بۆ بازاڕی وزە دروست کرد و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز.
































































