شەهلا سۆفی- زاری كرمانجی:
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێت كە سوپای ئیسرائیل هۆشداری چۆڵكردنی بۆ ٢٠ شوێن لە باشووری لوبنان دەركرد، لەنێویاندا شاری نەباتیە.بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی لوبنان، ژمارەیەك ناوچە كە هۆشداری چۆڵكردنیان پێدرابوو، كراونەتە ئامانج، لەوانە گوندەكانی ڕەیحان و سەجد كە دەكەوێتە نزیك شاری نەباتیە.
دوێنێ حزبوڵا ڕایگەیاند كە هێزەكانی لەگەڵ سەربازە ئیسرائیلییەكان كە بەرەو شارۆچكەیەكی سنووری باشووری لوبنان پێشڕەوی دەكەن، تێكهەڵچوونیان كردووە.
لە بەیاننامەیەكی حزبوڵا دا هاتووە كە سەربازانی ئیسرائیل بەرەو شارۆچكەی سنووریی مەجدال زون پێشڕەوییان كردووە، كاتێك “بەهۆی هێرشی مووشەكی دووبارەبووەوە ناچاربوون پاشەكشە بكەن”.
ئەو پێكدادانە بەردەوامەی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان لە كاتێكدایە كە ئێران و ئەمریكا ڕایانگەیاندووە كە نزیكبوونەتەوە لە واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە.
وردەكارییەكانی ئەم ڕێككەوتنە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام ئێران هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە كردووە كە هەر ڕێككەوتنێكی ئاشتی دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە.































































