مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكیدا ئاشكرا دەكات كە دزییەكە لە بارهەڵگری گواستنەوەی كەلوپەلی ئەستێرەكانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئینگلتەرا كراوە كە لە فلۆریداوە بۆ شوێنی مەشقی هەڵبژاردەكە بە ڕێگاوە بووە دەشڵێت “لە ئێستادا ئینگلتەرا لە قەیرانێكی لۆجستیی قورسدایە.”
بە گوێڕەی زانیارییەكانی دەیلی مەیل، كەلوپەلە دزراوەكانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا پێكهاتوون لە پێڵاوی یاریزانەكان، كەلوپەلی ڕاهێنانی تۆماس توخێلی ڕاهێنەر، بێدی مەساج و ژمارەیەكی زۆر تۆپ.
ئاماژەی بەوەشكردووە “تەنیا 1 تۆپی هەڵبژاردەكە لەناو بارهەڵگرەكەدا ماوەتەوە و ئێستا تیمەكە بە پەلە خەریكی دابینكردنی پێڵاوی نوێن بۆ یاریزانەكان.”
پۆلیس گومانێكی زۆری لەسەر تێوەگلانی شۆفێری بارهەڵگرەكە هەیە لە ئەنجامدانی ئەم دزییە گەورەیەدا.
وا بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا یەكەم یاری لە مۆندیال بەرامبەر كرواتیا ئەنجام بدات، ڕۆژنامەكە جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەم ڕووداوە كاریگەرییەكی نەرێنیی لەسەر دۆخی دەروونی و ئامادەكارییە لۆجستییەكانی یاریزانەكان دروست كردووە، چونكە دابینكردنەوەی پێڵاوی تایبەت لە ماوەیەكی كورتدا كارێكی ئاسان ئاوا نییە.































































