- هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداو و پەککەوتنی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا، ڕووبەڕووی دابەزینێکی مێژوویی بووەتەوە، کە زیانی گەورە بە داهاتی نیشتمانیی وڵاتەکە دەگەیێنێت.
- عێراق بۆ دابینکردنی 90%ـی بودجەی گشتی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. داخرانی گەرووی هورمز و پەککەوتنی جووڵەی تانکەرەکان، وایکردووە وڵاتەکە ڕووبەڕووی قورسترین تەنگژەی دارایی لە چەند دەیەی ڕابردوودا ببێتەوە و ئاسایشی ئابووریی نیشتمانی بکەوێتە مەترسییەوە.
- ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکانی ناو کۆمپانیا بازرگانییەکانەوە ئاشکرای دەکات، هەناردەی ڕۆژانەی عێراق نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. ئەم بڕە بەراورد بە کاتە ئاساییەکان زۆر کەمترە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکان هەیە.
- عێراق هاوشانی کوەیت و ئیمارات پەنای بۆ ڕێگەی جێگرەوە بردووە تاوەکو بەشێک لە هەناردەکەی بپارێزێت. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە سەرەڕای ئەم ڕێکارانە، بڕی نەوتی نێردراو هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پێویستی جاران.
- بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوت، هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق ئێستا لە نێوان 329 بۆ 562 هەزار بەرمیل دابەزیوە، لەکاتێکدا پێشتر 3.4 ملیۆن بەرمیل بووە. هەناردەی دەریایی لە ڕێگەی گەرووی هورمز لە 93 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ کەمتر لە 10 ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا دابەزیوە، هەرچەندە لەم مانگەدا هەوڵدراوە لەڕێگەی ڕێککەوتنی ئەمنییەوە جووڵەی هەندێک تانکەر خێرا بکرێت.
- ئێستا عێراق تەنیا 100 هەزار بەرمیل بە بۆریی تورکیا و نزیکەی 15 هەزار بەرمیل بە تانکەر بۆ ئوردن هەناردە دەکات. حکومەت پلانێکی فریاگوزاریی داناوە تاوەکو هەناردەی بۆرییەکان بگەیەنێتە 770 هەزار بەرمیل و هەناردەی وشکانیش بە تانکەر بۆ وڵاتانی دراوسێ بۆ 420 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بکاتەوە تاوەکو داهاتی لەدەستچوو بەشێکی قەرەبوو بکرێتەوە.
- هەر بەهۆی ئەم دۆخەوە، داهاتی مانگانەی نەوت لە 7 ملیار دۆلارەوە بۆ تەنیا 1 تاوەکو 2 ملیار دۆلار دابەزیوە، کە دەکاتە نزیکەی 1.4 ترلیۆن دینار. ئەم دۆخە وایکردووە عێراق لە دابینکردنی خەرجییە مانگانەکانیدا کە 8.6 ترلیۆن دینارە تووشی گرفت بێت، چونکە تەنیا بۆ پارەی مووچە و خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی پێویستی بە 8 ترلیۆن دینار لە مانگێکدا هەیە.
- وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرای دەکات، تەنیا مووچەی فەرمانبەران 5.1 ترلیۆن دینارە، بۆیە حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مانگانەی مووچە کە 6 ترلیۆن دینارە، ناچارە پەنا بۆ یەدەگی بانکی ناوەندی و قەرزی ناوخۆیی ببات. بەردەوامیی ئەم قەیرانە و نەسازانی سیاسی لەسەر بودجەی 2026، ئاییندەی دارایی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی نادیاری کردووەتەوە.

































































