سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران ڕەخنەی تووندی ئاراستەی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) کرد، بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانەی کە سەبارەت بە ئاسانکاری بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دابوونی.
مەهدی محەممەد نەبی، کە یەکێکە لەو 15 ئەندامەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران کە ڤیزای گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا پێنەدراوە، ڕایگەیاند: “سەرۆکی فیفا نەیتوانیوە بەڵێنەکانی خۆی بەدی بهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنی تەواوی فیدراسیۆنی ئێران بە هەر سێ یارییەکەی هەڵبژاردەکە لە ئەمریکا.”
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “هیوادارین بەڕێز ئینفانتینۆ ئەو بەڵێن و وشانەی بە هەڵبژاردەی ئێران دابوونی، بە ڕاستی جێبەجێیان بکات. پێویستە ڕێساکان و پرۆتۆکۆلەکانی فیفا بە دروستی لەلایەن ئەندامەکان و وڵاتانی میواندارەوە ڕێز لێبگیرێن.”
محەممەد نەبی ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکانی پەیوەست بە پرۆسەی دەرکردنی ڤیزا، ڕەوتی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئێرانیان پەکخستووە و وڵاتەکەی بە بەراورد لەگەڵ تیمەکانی دیکەدا، خستووەتە دۆخێکی زۆر سەختترەوە.































































