ڕائیب زراری -زاری كرمانجی:
سبەی یەك شەممە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی “خولی یەكەم” لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكەن. بۆ ئەو مەبەستە لە ئیدارەی سۆران هەموو ئامادەكارییەكان كراوە و 6398 قوتابی لە 122 هۆڵ بەشداری تاقیكردنەوەكان دەكەن.
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەڵێت: هاوئاهەنگی تەواومان لەگەڵ وەزارەتەكانی ناوخۆ، كارەبا و گواستنەوە و گەیاندن كردووە بۆ ئەوەی هاوكارمان بن، هەریەكەیان لە بواری خۆیاندا، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی تاقیكردنەوەكاندا هێڵی ئینتەرنێت بۆ ماوەیەكی كاتی دەپچڕێت.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردە 117 هەزار و 142 قوتابی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بەشداری تاقیكردنەوەكان دەكەن، تەنیا لە ئیدارەی سۆران 6398 قوتابی لە 122 هۆڵ بەشداری تاقیكردنەوەكان دەكەن.
شایانی باسە تاقیكردنەوەكان لە 14ـی حوزەیرانی 2026 دەستپێدەكەن و تاوەكو 8ـی تەممووزی 2026 بەردەوام دەبن.































































