مارات بێردییڤ، باڵیۆزی ئەرکە تایبەتەکان لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و نوێنەری ئەو وڵاتە لە کاروباری “گرووپی20 رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگری دەکات لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر کەرتی وزەی جیهاندا.
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، مارات بێردییڤ لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی سپوتنیکی گوت “واشنتن لەبری ئەوەی کار بۆ فەراهەمکردنی وزە بۆ هەمووان بکات، بە کردەیی هەوڵی کۆنترۆڵکردن و هەژموونی وزە دەدات، ئێمە و هاوپەیمانەکانمان لە جیهان، رێگە بەمە نادەین.”
ئەو دیپلۆماتکارە رووسییە جەختی کردەوە، مۆسکۆ بە هاوکاری هاوبەشەکانی لە ناو گرووپی 20 دا، رووبەڕووی تەماحی نوێ دەبێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ئەو ئامرازە یاسایی و دیپلۆماتییانە بەکاردەهێنن کە لە بەڵگەنامەکانی گرووپی 20دا جێگیرکراون.
بێردییڤ ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە میانی سەرۆکایەتیکردنی گرووپەکە دروشمی “فەراهەمکردنی وزە”ی بەرزکردووەتەوە، بەڵام سیاسەتە کردەییەکانی واشنتن تا ئێستا بە تەواوی پێچەوانەی ئەو ئاراستەیەن و لەگەڵیدا ناگونجێن.































































