ڕائیب زراری -زراری كرمانجی:
لە هەنگاوێكی گرنگدا بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و گەشتیاران لە مەترسی ڕووبار بنكەی پاراستنی ڕووباری مێرگەسۆر لەسەر زێی گەورە لەناوچەی تەنگاتۆرێی دەڤەری بارزان كرایەوە.
ئەو بنكەیە بە مەبەستی چاودێری كردن و پاراستنی ڕووبارە، هەروەها پێدانی ڕێنماییە بە گەشتیاران بە ئامانجی بە هاناوەچوون و هاتنە پێشەوەی هەر ڕووداوێكی نەخوازراوە لەم ناوچەیە. هاووڵاتییان و گەشتیارانیش پێشوازی لەو بنكەیە دەكەن و پێیانوایە ئەمە هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ پاراستنی جوانی و سرووشتی دەڤەرەكە و بە هاناوەچوون و پێدانی هۆشیاری بە گەشتیاران.
كاروان میراودەڵی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەو بنكەیە دەبێتە هەشتەمین بنكە لەسەر ئاستی بەشی بەڕێوەبەرایەتی قەزای مێرگەسۆر.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران، گوتیشی: ئەو بنكەیە بە فەرمانێكی وەزاری و بە هاوكاری نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی و قایمقامی قەزای مێرگەسۆر كرایەوە، كە لە ساڵی ڕابردوو لەسەر ئاست و بەرزكردنەوەی پایەی ئیداری بنكەی مێرگەسۆر بووە بەشێكی سەربەخۆ و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆرانە.


































































