نوسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
لە نێو میدیا و ڕاگەیاندنی وەرزشیی کوردیدا، لۆژیکی کۆمێنتاری سەرکەوتوو تەنیا لە گواستنەوەی ساردوسڕی ڕووداوەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە گۆڕینی هەر هێرش و گۆڵێکدایە بۆ تابلۆیەکی پڕ لە جۆش و خرۆش. لەم نێوەندەشدا، بێستون تاوەگۆزی وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین و دیارترین کۆمێنتارەکانی کورد خۆی سەلماندووە. ئەو تەنیا دەنگێک نییە لە پشتی شاشەکانەوە سەیر بکرێت، بەڵکو وزە و حەماسەتێکی تایبەت بە یارییەکان دەبەخشێت کە وەرگر و بینەری کورد ناچار دەکات بە تامەزرۆییەوە گوێبیستی بێت. دەنگ و سەدا ناوازەکەی، لەگەڵ شێوازی گەرم و گوڕی لە گێڕانەوەی یارییەکاندا، وای کردووە کە سەیرکردنی تۆپی پێ چێژێکی دووقات بە لایەنگران ببەخشێت.
بێستون تاوەگۆزی لە پاڵ ئەم سەرکەوتووییە گەورەیەدا، دایمە بەشێک لە خەڵکی ڕەخنەی لێدەگرن و توانجی ئاڕاستە دەکەن؛ ڕەخنەیەک کە زیاتر ڕەهەندی عاتیفی و سیاسی هەیە نەک وەرزشی.
هۆکاری ڕەخنەکان و وەڵامە لۆژیکییەکەی بێستون تاوەگۆزی
سەرچاوەی سەرەکی ڕەخنەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بێستون تاوەگۆزی لە کاتی کۆمێنتاریدا بە شان و باڵی هەڵبژاردەی عێراقدا هەڵدەڵێت و وەک هاندەرێکی سەرسەختی ئەم هەڵبژاردەیە دەردەکەوێت. ئەمەش لە لایەن بەشێک لە بینەرانەوە ڕووبەڕووی لێکدانەوەی جیاواز دەبێتەوە، لە بەرامبەر ئەم توانج و ڕەخنانەدا، بێستون تاوەگۆزی هەمیشە بە دیدێکی واقیعی و ڕاشکاو باسی لە هەڵوێستی خۆی کردووە و دەڵێت :
”کوردستان نیشتیمانی یەکەم و کۆتایی منە، بەڵام پێویستە سەیری واقیعەکە بکەین؛ ئێمە هێشتا نەبووینەتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەڵکو هەرێمێکی فیدراڵین لە چوارچێوەی عێراقدا و پاسپۆرتەکەمان عێراقییە.” ئەم گوتەیە نیشانەی تێگەیشتنی ئەو بۆ واقیعی سیاسی ئێستا دەگەیەنێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی و گرنگتر کە وای کردووە بێستون ئەوەندە بە حەماسەتەوە پشتگیری لە هەڵبژاردەی عێراق بکات، بوونی کۆمەڵێک یاریزانی لێهاتوو و درەوشاوەی کوردە لە نێو پێکهاتەی هەڵبژاردەکەدا. کاتێک یاریزانی کورد لە بەرزترین ئاستی نێودەوڵەتیدا بە ناوی عێراقەوە یاری دەکەن و نوێنەرایەتی گەلەکەیان دەکەن، ئەرکی کۆمێنتارێکی کوردە کە بەوپەڕی شانازی و حەماسەتەوە پاڵپشتیان بێت و دەنگیان بگەیەنێت.
وەرزش هەمیشە پردێک بووە بۆ یەکخستنی مرۆڤەکان و نیشاندانی تواناکان، نەک جیاکاری. بێستون تاوەگۆزی توانیویەتی هاوسەنگییەکی جوان لە نێوان نیشتیمانپەروەری خۆی بۆ کوردستان و پیشەگەرییەکەی وەک کۆمێنتارێک بدۆزێتەوە. دەنگە شاز و پڕ لە وزەکەی ئەو، سەرمایەیەکی گەورەی ڕاگەیاندنی وەرزشی کوردییە و شایەنی ڕێز و پشتگیری زیاترە، نەک توانج و ڕەخنەی ناواقیعی.































































