زارى كرمانجي :
ئاڵای كوردستان ، ئاڵای فەرمیی ھەرێمی كوردستانە. لە تەواوی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دان، لە دامودەزگا حكوومییەكان و ئۆرگانە فەرمییەكان شەكاوەیە. ئەم ئاڵایە زۆر جار وەك ئاڵای كوردستانی گەورە دەبیندرێت.
پێناسە ئاڵای كوردستان
ئاڵای كوردستان پێك ھاتووە لە سێ ڕەنگی (سوور و سپی و سەوز) و دروشمێك لە ناوەندی.
ڕەنگەكان
ئاڵای كوردستان لە لاكێشەی ئاسۆیی پێكھاتوە، لاكێشەی سەرەوە ڕەنگی سوورە، ئەوەی ناوەند ڕەنگی سپی یە، و لاكێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوزە. بەرینی ئاڵا دوو لەسەر سێ درێژییەكەیەتی. لە ساڵی (٢٠٠٩)دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا، ڕۆژی (١٧)ی كانوونی یەكەمی ھەموو ساڵێك، ڕۆژی ئاڵای كوردستان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان بكرێتەوە.
ھێمای نەتەوەیی
دروشمی نەتەوەیی ئاڵای كوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە ٢١ پەڕ (تیشك)ی یەكسان و ھاوشێوەی ھەیە كە ڕێكەوتی ٢١ی ئازار دەگەیەنێت كە نەورۆز و سەرەتای ساڵی كوردییە. بە لەبەرچاوگرتنی دوو لەسەر سێیەتی قەبارەی ئاڵا، خۆری زێڕین بە پەڕەكانییەوە یەك پێوەرە و بەبێ پەڕەكان نیو پێوەر، ئەم پەڕانە شێوەیان ڕاستە و لە دەرەوە خالێكی تیژ دروست دەكەن. خۆرەكە دەبێ ڕێك لە چەق (ناوەندی) ئاڵای كورستان جێگیر بێت. خۆر بەشێوەیەك جێگیر كراوە كە ستوونی ناوەندی ئاڵا بە ناو خاڵی تیژی بەرزترین پەڕ (تیشك) تێدەپەڕێت
ڕەنگەكان و واتاكانیان
سوور/ خوێنی شەھیدانی ئازادیی نیشتمان
سەوز/ جوانی سروشت و ژینگەی كوردستان
زەرد/ ئەستێرەكە ئاماژەیە بۆ ڕۆژی كوردی
سپی/ ئاشتی و تەبایی
شێوەكانی بەكارھێنانی ئاڵا
•ھەڵواسین بە دار (ستوون)؛ پێویستە خۆرەكەی لە ھەردوو ڕووەوە دیار بێت.
•بەرزكردنەوەی لە باری پانی؛ ڕەنگی سوور لە سەرەوە و ڕەنگی سەوز لە خوارەوە.
•بەرزكردنەوەی لە باری درێژی؛ ڕەنگی سوور لە لای چەپ و ڕەنگی سەوز لە لای ڕاست.
•لە یەخەدانی وەك ڕۆزێت لەسەر سینگ؛ لە لای چەپ لەسەر دڵ دەدرێت.
•دانان لەسەر مێز؛ پێویستە بە لای چەپ بشكێتەوە.
شێوازە هەڵەكانی بەكارهێنانی ئاڵا
•نابێت بە هیچ شێوەیەك ئاڵا لوول بكرێت
•نابێت بە هیچ شێوەیاك ئاڵا بە پێچەوانەوە دابندرێت یان بگریرێت
•هەر جۆرە سووكایاتیەك بە ئاڵا سزای زیندانە
ڕۆژی ئاڵا
لە ساڵی ٢٠٠٩دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا كە ڕۆژی ١٧ی كانوونی یەكەمی ھەموو ساڵێك وەكو ڕۆژی ئاڵا دیاری بكرێت و لەو ڕۆژەدا سەرجەم ئاڵاكانی سەر دامودەزگاكانی ھەرێمی كوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بكرێنەوە. ھۆكاری دانانی ئەم ڕۆژەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ١٧ی كانوونی یەكەمی ١٩٤٥ ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاكانی كۆماری مەھاباد هەڵگیران و پارێزگاریان لێكرا ، پەرلەمانی كوردستانیش وەك ڕێزێك بۆ ئەو ڕۆژە ١٧ی كانوونی یەكەم یان دیاریكرد بۆ ئەوەی بۆهەموو جیهانی بیسەلمێنن كە نەوەكانی قازی محەمەد و كوردستان ماون و نەمردون .
سەرچاوە : لە ئینسایكڵۆپیدیای ئازادی ویكیپیدیاوە